تووشبوویەکی شێرپەنجە: نەیەن بە هانامانەوە شایەتومان دەهێنین و دەڵێین، هەواڵەمان بە خودا

06-06-2021
پێشەوا بەختیار
ئامان مەحموود تووشبووی شێرپەنجە. وێنە: رووداو
ئامان مەحموود تووشبووی شێرپەنجە. وێنە: رووداو
نیشانەکردن شێرپەنجە
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

ئیدریس تەمەنی 40 ساڵە، ساڵێکە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە، بەهۆی دواکەوتنی وەرگرتنی دەرمان نەخۆشییەکەی چووەتە قۆناخی مەترسیدارەوە، ئەو لەگەڵ 150 نەخۆشی دیکە لە نەخۆشخانەی هیوا بەهۆی نەبوونی دەرمان بارودۆخیان خراپە.
 
ئیدریس محەممەد، تووشبووی شێرپەنجە، دەڵێت "دەبوو دوو جارە چارەسەری وەربگرم، بەڵام بەهۆی نەمانی دەرمان، مانگێکە چارەسەرم وەرنەگرتووە. لە مانگێکدا 15 شەو لەبەر ئازار ناتوانم بخەوم، ئاو لە سییەکانم دروست بووە بەهۆی نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەکەدا".
 
ئامان مەحموود تووشبوویەکی دیکەی شێرپەنجەیە و دەڵێت "هەفتەی رابردوو چارەسەرم وەردەگرت، ژنێک گیانی لەدەستدا کە لەگەڵمدا بوو. تکایە، تکایە، تکایە وەرن فریامان بکەون، کێشەی دەرمانمان بۆ چارەسەر بکەن، ئەگەرنا ئێمەی تووشبووی شێرپەنجە شایەتومان دەهێنین و دەڵێین، هەواڵەمان بە خودا".
 
دوو جۆری دەرمان لە نەخۆشخانەی هیوا نەماون و نەخۆشیش ناتوانێت لە دەرەوەی نەخۆشخانە دەستیبکەوێت، ئەگەر هەشبێت نرخەکەی لە 1200 دۆلار بۆ 3200 دۆلار دەبێت و کوالێتییەکەی باش نییە.
 
د. خۆشی حەمید، بەڕێوەبەری بەشی دەرمان لە نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت "کێشەی نەمانی دەرمان لە نەخۆشخانەکەماندا هەیە، ئەم کێشەیە ماوەیەکە هەیە، بەڵام ئێستا دەرئەنجامەکانی دەردەکەوێت گەر چارەسەر نەکرێت ئەو دوو جۆرە دەرمانەی کە 150 نەخۆش بەهۆی نەبوونیەوە دەناڵێنن، زیاتر دەبن و دەرمانی دیکەیشمان نزیکن لە نەمان، ئەمانەیش کێشەی دیکە لە نەخۆشخانەکە دروستدەکات".
 
نەمانی دەرمان و پێنەدانی پارەی مانگانە بە کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەکان بەشێکی دیکەن لە کێشەکانی نەخۆشخانەکانی چارەسەری شێرپەنجە، هەربۆیە داوا لە وەزارەتی دارایی دەکەن بەزووترین کات کێشەی پێدانی پارە بە کۆمپانیاکانی دەرمان چارەسەر بکەن و پارەی بەشی ئێوارانی نەخۆشخانەکان بدەن.
 
د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا رایگەیاند "راستە کێشە و گرفت هەیە، داوامان کردووە و وەزارەتی تەندروستی و ئەنجوومەنی وەزیران هاتوونەتە سەر خەت، هیوادارین بەزووترین کات کێشەکان چارەسەر بکرێن، چونکە تێچووی چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە زۆر گرانە و هیچ نەخۆشێکی ئێمە ناتوانێت بچێتە نەخۆشخانەی تایبەت، چونکە تێچووی یەک جاری چارەسەری چوار بۆ پێنج هەزار دۆلارە".
 
لە 16ی ئایاری ئەمساڵەوە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە مانگانە 2%ی پارەی دەرمان بدات بە کۆمپانیاکان، ئەوانیش بڕیاریان داوە تاوەکو حکومەت پارەکانیان پێنەداتەوە دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکان رابگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە