رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاونیشتیمانییان، کە بتڵی ئاو لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان بەجێنەهێڵن، چونکە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان.
بەختیار محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی تینی گەرماوە لە وەزری هاویندا، ئەگەری زۆرە تیشکی خۆر کە دێتە نێو ئۆتۆمبێلەکانەوە و لە دەبەی ئاو دەدات بەتایبەت ئەگەر کەمێک سەری کرابێتەوە زەڕەبین دروستبکات و هێواش هێواش ببێتە تیشکێکی سووتێنەر و ئەو شوێنە بسووتێنێت، کە دەبەکەی لێیە، ئیدی داشپوڵی ئۆتۆمبێل بێت یان کوشنەکان یان شوێنی دیکەی".
هەروەها گوتی: "حاڵەتمان هەیە و هاونیشتیمانییان ڤیدیۆیان بۆ ناردووین، بۆیە ئەم حاڵەتە مەترسیدارە بەتایبەت لە وەرزی هاویندا کە رەنگە ببێتە هۆی سووتانی ئۆتۆمبیلەکان".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ی حوزەیرانی 2021، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی هۆشدارینامەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە: "بەجێهێشتنی بتڵی ئاو لە ناو ئۆتۆمبێلدا لەکاتی بوونی هەتاو و گەرمیدا دەبێتە هۆی لەناوبردنی پێکهاتە بەسوودەکانی ئاو و دواتر شیاوی خواردنەوە نامێنێت".
هەروەها هاتووە: "مەترسییەکی زۆر گەورەی هەیە کە رەنگە ببێتە هۆی گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکەت ئەمەش دوای ئەوەی خۆرەکە لە بتڵی ئاوەکە دەدات بە تێپەڕبوونی تیشکەکە هەمان کاری زەڕەبین دەکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ