لە هەرێمی کوردستان کۆنسوڵخانەکان رێکاری تووندیان دژی کۆرۆنا گرتووەتەبەر

 
 
رووداو - هەولێر

بازاڕی هەولێر پڕ لە خەڵکە تاک و تەرا دەبینی دەمامکیان بەستبێت یان دەسکێشیان لە دەستدا بێت. هاوکات لە کونسوڵخانەکانی هەرێمی کوردستان رێکاری تووند دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراوەتەبەر.
 
کۆنسوڵی بەریتانیا بەشێکی زۆری کاتەکانی بە دەستشۆردن و چاودێریکردنی تەندروستیی خۆیەوە بەسەر دەبات. لە دووریی دوومەترەوە پێی گوتم، ڤایرۆسی کۆرۆنا هێندە مەترسیدارە کاتێک نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانم بینی بۆ جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان تەوقەمان لەگەل یەکدی نەکرد.
 
جەیمس سۆرنتن، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولیر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان مەترسییەکی جیددیە. پێدەچێت رەوشەکە خراپتر ببێت. ژمارەی گیانلەدەستدان زیاتر بووە لە پێنج رۆژی رابردوودا بە بەراورد لەگەڵ سێ مانگی رابردوودا. ئەوەی من دەیکەم سێ شتە: یەکەمین هەوڵ دەدەم  لە خەڵک دوورەپەرێز بم. دووەمین ئەگەر پێویست بوو خەڵک ببینم هەوڵ دەدەم مەتر و نیوێک بۆ دوو مەتر دوور بم. سێیەم ناهێڵم بەریەککەوتنم هەبێت. سەرۆکی هەرێمی کوردستانم بینی بۆ خۆپارێزی تەوقەمان نەکرد". 
 
لە کۆنسوڵخانەی چین لە هەولێر رێکارەکانی خۆپارێزی بە تووندی  گیراونەتەبەر. بەر لە چوونەژوورەوە پلەی گەرمی دەپێورێت. پێش بەکارهێنانی دەمامک و دەستکێش دژەڤایرۆس هەم بۆ ئۆتۆمبێل و هەم کەلوپەلەکانی کارکردن بەکاردێن.
 
کۆنسوڵ و نوێنەرە دیبلۆماسییەکانی وڵاتان لە هەولێر سەریان سووڕماوە کاتێک بەشێک لە خەڵکی هەرێمی کوردستان ڤایرۆسەکە بە هەند وەرناگرن و شەڕ لەگەڵ دوژمنێکی نادیار و بەڵاساز دەکەن.
 
میستەر لیۆ، بەرپرسی مەلەفی سیاسیی کۆنسوڵخانەی چین بە رووداوی گوت، "ئێمە مەترسیی چوونەدەرەوەی نا پێویست کەم دەکەینەوە. ئەگەر کەسێک بێتە کۆنسوڵخانە دەبێت بەم پرۆسەیەدا تێپەرێت، وەک پێوانەکردنی گەرمی، بەکارهێنانی دژەڤایرۆس بۆ ئۆتۆمبێل. ئەگەر زۆر گرنگ نەبێت ناهێڵین ئوتۆمبێل بێتە ژوورەوە".
 
ئەو دیمەنانەی لەنێو بازاڕی هەولێردا دەیانبینین، وایدەردەخەن هەندێک لە هاونیشتمانییان لە رۆژگاری پێش کۆرۆنادا بژین. بەرپرسانی تەندروستی لەو وێنانە زۆر دەترسن و پێیانوایە ئاسانکاریی زۆر بۆ پەڕینەوە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەکەن.
 
محەممەد عەبدوڵڵا، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "هەر وەکو خۆمان پاراستووە، ئێستاش خۆمان دەپارێزین. وەک پاکوخاوێنی و دەستشۆردن. بەبەردەوام دەمامکم لەنێو مێزەکەم داناوە".
 
حاجی حەمید، دووکاندارە و دەڵێت، "بە چاو ببینم قەناعەت دەکەم، بەس هەتا ئێستا هیچم لە هەولێر نەدیتووە. ئەگەر ئەو شتە هەیە، با بە شێوەیەکی راستەقینە بیگوازنەوە".
 
لە دوایەمین کۆبوونەوەی وەزیری ناوخۆ و تەندروستی لەگەڵ پارێزگارەکان، مۆر و ئیمزای کۆتایی درایە پارێزگارەکان بۆ شەڕکردن دژی ڤایرۆسەکە. هەر پارێزگارەو بە گوێرەی رەوشی پارێزگاکەی بڕیار دەدات، بەڵام تووشبوونی زیاتر لە هەزار کەس و هەڵکشانی قوربانییەکان، بە دەنگێکی زوڵاڵ دەڵێت، ئەگەردەستی نەگیرێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆمەڵکوژی دەکات.