ئەمریکا لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران: هانی ئەو گفتوگۆیانە دەدەین کە دۆخی ناوچەکە هێوردەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران رایگەیاند، ئەوان هەمیشە هانی گفتوگۆ و هێورکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە دەدەن.
رۆژی دووشەممە، 6ـی ئایاری 2024، ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی رۆژانەیدا وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران دایەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێمە بەردەوام هانی هێورکردنەوەی بارودۆخەکەمان داوە لە ناوچەکە و هانی هەر جۆرە گفتوگۆیەک دەدەین کە بەرەو هێورکردنەوەی بارودۆخەکە ببەن و سەقامگیریی زیاتری لە ناوچەکەدا لێبکەوێتەوە."
ماتیو میللەر گوتی: "نامەوێت قسە لەبارەی ئەو گفتوگۆیانە بکەم، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە هانی هەر جۆرە گفتوگۆیەک دەدەین کە بارودۆخەکە بەرەو هێورکردنەوە ببەن و سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەی لێبکەوێتەوە لەنێویاندا؛ ئێران کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناسەقامگیریی لە عێراق و ناوچەکانی دیکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
رۆژی یەکشەممە، 05ـی ئایاری 2024، نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئێران. رۆژی دووشەممەش ژمارەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران هەبوو لەوانەش؛ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکۆمار و حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، بزووتنەوەی حەماس رازیبوونی گرووپەکەی بۆ پێشنیازی ئاگربەست لە غەززە راگەیاند. سەبارەت بەو بڕیارە و رۆڵ و کاریگەریی ئێران لەسەر بزووتنەوەی حەماس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند: "من هیچ رۆڵێکی ئێران لە کۆتاییهێنان بە قەیرانی غەززەدا نابینم، ئێران یەکێک بووە لە هاندەرە سەرەکییەکان بۆ دروستبوونی ئەو قەیرانە، لە پارەدارکردنی حەماس، پشتگیریکردنی حەماس و پارەدارکردن و پاڵپشتیکردنی حیزبوڵڵا و گرووپەکانی دیکە کە هۆکارێكی سەرەکی بوون لە ناسەقامگیری".
هەروەها میللەر گوتیشی: "ئەو هێزانە نەک تەنیا بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵکو هێرشی حووسییەکان بۆ سەر رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان دەبنە هۆی ناسەقامگیرکردنی فراوانی ناوچەکە".