گوتەبێژی کۆمیسیۆن: تائێستا کاخەزی دەنگدانمان چاپ نەکردووە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رەتیدەکاتەوە کاخەزی دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان چاپکردبێت: هێشتا لە قۆناخی گفتوگۆین بۆ چاپکردنی.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا کاخەزی دەنگدان چاپ نەکراوە، هێشتا لە گفتوگۆداین لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی بڕیارە چاپی بکات، بەڵام نەگەیشتووین بە ئەنجامی کۆتایی."
 
بەپێی ئەو وادەیەی دیاریکراوە، بڕیارە رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. پارتی و پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان (جگە لە بەرەی تورکمانی) بڕیاریان داوە بەشداریی هەڵبژاردن نەکەن.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایەکی لە دژی کۆمیسیۆن و تایبەت بە کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و لابردنی 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکان تۆمار کردووە.
 
رۆژی 22ـى شوباتی 2024، دادگەى باڵاى فیدراڵى 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکان (تورکمان، کریستیان و ئەرمەن)ـی لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە.
 
تەنیا 34 رۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام کۆمیسیۆن کاخەزی دەنگدانی چاپ نەکردووە. سەرباری ئەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پێنج نموونەی کاخەزی دەنگدانی پەسند کردووە، چواریان بۆ دەنگدانی گشتین لە هەر بازنەیەک لە بازنەکانی هەڵبژاردن و نموونەیەکیش بۆ دەنگدانی تایبەت.