مەسرور بارزانی 'بەڵێنی نۆژەنکردنەوە'ی دووکانەکانی قەیسەریی هەولێر بە دووکانداران دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد کە دوێنێ شەو سووتا. جگە لەوەی بەڵێنی بەدواداچوونی وردی بۆ هۆکاری ئاگرەکە و سووتانی بازاڕەکە دا، بەڵێنی نۆژەنکردنەوەشی بە خاوەن دووکانەکان داوە، یەکێک لە زێڕنگرانی بازاڕەکە دەڵێت: "گومان لە هۆکاری ئاگرکەوتنەکەوە هەیە."
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی ئایاری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد، کە شەوی رابردوو بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە بەشێک لە دووکانەکانی سووتان.
 
عوسمان گەردی، کە زێڕنگرێکی بازاڕەکەیە و لەنزیکەوە گوێی لە قسەکانی سەرۆکی حکومەت بۆ زیانلێکەوتووان و خاوەن دووکانەکانی بازاڕەکە بوو، بە رووداوی گوت: "سەرۆکی حکومەت داوایکرد چەند رۆژێک مۆلەت بە حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان بدرێت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەکان تەواو بکەن."
 
ئەو زێڕنگرە گوتی: "ئەوەی کاک مەسرور گوتی ئەوەیە ئەوان  لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە دەکەن، دەیانەوێت هۆکاری سەرەکی و راستەقینەی ئاگرەکە بزانن، بۆیە گوتی چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەین."
 
گەردی دەشڵێت: "کاک مەسرور گوتی خۆی سەرپەرشتیی هەموو شتەکان لە لێکۆڵینەوەکان دەکات و دەیەوێت بە زووترین کات راستییەکانیان بۆ دەربکەوێت."
 
بەپێی ئەو دووکاندارە، گومانەکان لە هۆکاری سووتانی بازاڕی قەیسەری و ژمارەیەک دووکانی دیکە لە بازاڕی لەنگە و شوێنی دیکەش لەلای حکومەتی کوردستانیش دروست بووە، بەتایبەت دوای ئەوەی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند: "هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە کارەبا نییە، بۆیە ئێمە و حکومەتیش گومانمان هەیە."
 
مەسرور بارزانی بەڵێنی ئەوەشی بە دووکانداران داوە کە بە باشترین شێوە دووکانە زیانلێکەوتووەکان نۆژەندەکرێتەوە.
 
ئاگرەکەی شەوی رابردووی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بووە سێیەم ئاگری گەورە لە بازاڕەکانی هەولێر بکەوێتەوە لەماوەی تەنیا دوو مانگ و هەشت رۆژدا.
 
پارێزگای هەولێر رایگەیاند: "لە کۆی زیاتر لە 4000 دووکان، 227 دووکان و 7  کۆگەی بچووکى بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشتووە، ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکان، دەست بە پاککردنەوەى تەواوی بازاڕەکە کراوە." 
 
لەماوەی 68 رۆژدا ئەمە سێیەم ئاگری گەورە بوو بازاڕەکانی هەولێر بسووتێنێت، کە دووانی پێشوو لە بازاڕی لەنگە بوون.