رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای دیلۆک میکسەرێک و مینیپاسێک خۆیان بەیەکدا کێشا، بەهۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و 11ی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 6-5-2024، لە شارۆچکەی ئیسڵاحیەی سەر بە پارێزگای دیلۆک روویدا. بەگوتەی شایەتحاڵان، میکسەرێکی هەڵگری چیمەنتۆ لە رێگەی هاسسا لە کۆنترۆڵ دەرچووە و پەڕیوەتە ئاراستەی بەرامبەر و خۆی بە مینی پاسێکدا کێشاوە.
مینیپاسەکە کە تایبەت بووە بە گواستنەوەی قوتابیان، لە رێگەکە دەرچووە و کەوتووەتە سەر لا.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە مینیپاسەکەدا هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و 11ی دیکەش بریندارن، کە تەندروستیی دووانیان لە مەترسیدایە.
رووداوەکە دەنگیدایەوە و هەریەک لە یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا و پارێزگاری دیلۆکیش قسەیان لەسەر کرد.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "داوای لێخۆشبوونی خوا بۆ ئەو هاووڵاتیانەمان دەکەم کە لە شارۆچکەی ئیسڵاحیەی گازی عەنتاب بەهۆی رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا. هەروەها هیوای چاکبوونەوەی دەستبەجێ بۆ بریندارانی رووداوەکە دەخوازم".
بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا، ساڵی 2023 لە تورکیا 555 هەزار و 668 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە. لەو رووداوانەدا دوو هەزار و 984 کەس گیانیان لەدەستداوە و 354 هەزار و 323 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ