کوپەیەکی سەردەمی ساسانییەکان لە شارباژێڕ دۆزرایەوە


رووداو دیجیتاڵ

لە شارباژێڕ کوپەیەکی سەردەمی ساسانییەکان کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، دۆزرایەوە.
 
رۆژی شەممە، 06-05-2023، حوسێن حەمە غەریب، بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە کۆپەیەکی قەبارە گەورە لە ناوچەی شارباژێڕ دۆزراوەتەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکی دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا کە سەردەمی ساسانییەکان بووە.
 
بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی گوتی، ئەو کوپەیە زیاتر بۆ هەڵگرتنی خۆراک بەکارهاتووە و هیچ کەلوپەلێکی تێدا نەدۆزراوەتەوە. باسی لەوەشکرد، تیمی دیکە دەنێرنە شوێنەکە بۆئەوەی بەدواداچوونی زیاتر بکەن و بزانن ئایا کوپەی دیکە یان پارچە شوێنەواری دیکە لەو شوێنە هەیە یان نا.
 
حوسێن حەمە غەریب ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو کوپەیە بەشێوەیەکی زانستییانە گەڕێندراوەتەوە بۆ مۆزەخانەی سلێمانی و لەوێ هەڵدەگیرێت. گوتیشی: "پاراستنی ئەم پارچە شوێنەوارییانە ئەرکی هەموولایەکە و شوێنەکەشمان بەدیاریکراوی ئاشکرانەکردووە، تاوەکو بەتەواوی لێکۆڵینەوەکانیان تەواودەبێت."
 
ئەم جۆرە کوپانە بۆ هەڵگرتنی خۆراک بەکارهاتوون، هەندێکجاریش وەک گۆڕێک لاشەی مردووی تێدا دانراوە و خراوەتە ژێرخاک، کە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دۆزراونەتەوە.