فڕۆکەکانی تورکیا زنجیرە چیای مەتین لە سنووری ئامێدی بۆردوومان دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ فڕۆکەکانی تورکیا زنجیرە چیاکانی مەتینیان لە نزیک گوندی گوھەرزێی سەر بە ناحیەی دێرەلووک لە سنووری ئامێدی بۆردوومان کرد. دانیشتوویەکی گوندی بەلاڤە بە رووداوی گوت، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 06-05-2023، هەڤاڵ بەرکائینی، دانیشتووی گوندی بەلاڤە لە سنووری ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سێ رۆژە لەسەر یەک فڕۆکەکانی تورکیا دەورووبەری گوندی بەلاڤە و گوهەرزێ لە سنوورەکە بۆردوومان دەکەن، ئەمڕۆ بە چڕی سێ شوێنیان بۆردوومان کردووە.
 
ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوە کرد، بۆردوومانەکەی ئەمڕۆ کاژێر 10:30 بووە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێی لای گوندنشینان دروستکردووە.
 
هەفتەیەکە فڕۆکەکانی تورکیا ناوە ناوە بۆردوومانی زنجیرە چیای مەتین و سوورێ سگێرێ و گوندی سەرگەلێ دەکەن، ئەو هاونیشتمانییە ئاماژە بەوەش دەکات، رۆژانە فڕۆکەی تورکیا لە ئاسمانی ناوچەکە دەسووڕێتەوە، ئەمەش وایکردووە کە خەڵکی سنوورەکە نەتوانن بچنە نێو زەوییەکانیان بەتایبەت لەم وەرزەدا کە خەڵک بۆ هێنانەوەی گیای بەهارە روو لەو ناوچانە دەکەن.