لە کەرکووک تەقە لە هاووڵاتییەک دەکرێت و بریندار دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە گەڕەکێکی شاری کەرکووک، تەقە لە هاووڵاتییەک کرا و بریندار بوو.
رۆژی شەممە 06-05-2023، عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو بەهۆی کێشەیەکی کۆنی نێوانیان، لە گەڕەکی دۆمیزی شاری کەرکووک تەقە لە هاووڵاتییەکی عەرەب بە ناوی مەحموود عەبدوڵڵا کرا و بریندار بوو.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رەتیکردەوە مەحموود عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجوومەنی ناحیەی رەشاد بێت، وەک ئەوەی لە هەندێک شوێن بڵاوبووەتەوە و گوتی، پێشتر موختار بووە، بەڵام ئێستا لە موختاری نەماوە و "دوای ئەوەی کێشەیەکی بۆ دروستبووە لە رەشادەوە هاتووەتە کەرکووک".
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کەسەی تەقەی لێکردووە ناسراوە و هاوڕێی خۆی بووە، گولـلەکانیش بەر قاچی کەوتوون.