لە دوو رووداوی جیادا لە هەولێر دزی لە دوو ماڵ دەکرێت؛ 'خۆیان وەکو ئاسایش ناساندووە'


رووداو دیجیتاڵ

لە دوو رووداوی جیادا لە شاری هەولێر دزی لە دوو ماڵ دەکرێت. خاوەنی یەکێک لە ماڵەکان دەڵێت، چوار کەس بە جلوبەرگی سەربازییەوە خۆیان وەک ئاسایش ناساندووە و دزییەکەیان کردووە. 
 
جوان ئەنوەر، هاوژینی زیاد، خاوەنی یەکێک لەو ماڵانەی کە دزی لێکراوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوو دەفتەر و 10 ملیۆن دیناریان برد، دەخیلەی منداڵانیان شکاند و پارەیان برد. ئەزیەتی منداڵەکانیان دابوو، چەکیان لەسەر سەریان دانا و لەوکاتەوە حاڵی منداڵەکانم خراپە." 
 
چەکدارەکان سەرەتا یەک لە منداڵەکان کە تەمەنی 12 ساڵ بووە، بە خەبەر دەهێنن، چەکی لەسەر رادەگرن و زانیاری لێوەردەگرن کە چەند کەس لە ماڵەوەن.
 
زیاد، خاوەنی یەکێک لەو ماڵانەیە کە دزی لێکراوە و دەڵێت، "دەستوپێی هەموومانیان بەستەوە و پێیان گوتم: چیت هەیە بیڵێ. گوتم هیچم نییە. گوتیان: چەک و پارە و هەر شتێکی دیکە هەیە بیڵێ. ئێمە ئاسایشین. چەکیان لەسەر سەر دانام و منیش گوتم هەندێک پارەم هەیە لەنێو سەقفەکەدایە."
 
تاکە سەرەداوی دزیکردن لەو ماڵە لە گەڕەکی رۆشنبیری پیکاپێکی بێ ژمارەیە، زیاد لە بنکەی ئاسایشی شاری زەیتوونە سکاڵای تۆمار کردووە و لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم دۆسیەیە دەستیپێکردووە.
 
جیا لە ماڵی زیاد، بەرەبەیانی هەمان رۆژ لە گەڕەکی گوڵان دزی لە ماڵی ژنێکی تەمەن 67 ساڵ کرا کە بەتەنیا دەژی. ئەو ژنە دەڵێت، 20 هەزار دۆلاریان لێ بردووە، بە کەتەر ئەو زێڕانەی بەدەست و پێیەوە بووە، لێیان کردووەتەوە و بەگشتی 125 مسقاڵ زێڕیان لێ دزیوە. ئێستا دۆخی تەندروستیی ژنەکە ناجێگیرە و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر خەوێندراوە.