لە بانە بەهۆی کارەکانییەوە هەڕەشە لە پەیکەرتاشێک دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڕەشە لە پەیکەرتاشێک دەکرێت و داوای لێدەکرێت کاری پەیکەرتاشی نەکات. 


ئەبوبەرکر پیران ئەو پەیکەرتاشە کوردەی شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە. ئێستا لەبری ئەوەی لەنێو کارگەکەی خەریکی پەیکەرتاشی بێت، ئەو نووسراوانە لەسەر دەرگای کارگەکەی دەسڕێتەوە کە کەسانێک وەک هەڕەشە لە قەدەخەکردنی پەیکەرتاشی بۆی جێهێشتوون.

ئەبوبەکر لە بارەی ئەو هەڕەشانەی لێیدەکرێن، دەڵێت، "بەداخەوە ماوەیەکی زۆرە بەشێوەیەکی ناڕەستەوخۆ هەڕەشەی قەدەخەکردنم لێدەکرێت. ئەوانە زۆر نین، بەڵام زۆر جار گوێم لێدەبێتەوە کە هەڕەشە دەکەن." 

ئەبووبەکر پیران لە قوتابخانەکانی بانە مامۆستای هونەرە. زیاتر لە 20 ساڵە کاری هونەری دەکات و لە گوندی خواجامیری بانە ئەم کارگە بچووکەی بۆ پەیکەرسازی کردووەتەوە بۆ ئەوەی وەکو خۆی دەڵیت "کولتووری کوردی بخاتە نێو ئەم پەیکەرانە بۆ هاونیشتمانییان."

وەکو خۆی دەڵێت، بە ناوی ئاینەوە هەڕەشەی لێدەکرێت، بەڵام ئەو خۆی بە کەسێکی هۆگری ئایین ناودەبات و پێی وایە هونەریش ئەو داوایەی خوا دەگرێتەوە کە بۆ بیرکردنەوە لە مرۆڤی دەکات.

پەیکەرەکانی پیران لە زۆربەی شوێنە گشتییەکانی بانە دەبینرێن و لەنێو خەڵکدا، رێزێکی تایبەتی هەیە. هەر ئەو رێزەشە تاوەکو ئێستا پاڵپشتی بەردەوامبوونی بووە لە هونەرەکەیدا.

ژمارەیەک پەیکەری ئەو هونەرمەندە لەنێو شاری بانە لە لایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە شکێنراون و شێوێندراون. 

ئەبوبەکر پیران تاوەکو ئێستا چەندین پێشانگای لە  بانە و چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان داناوە و جگە لەوەش، خولی فێرکاریی بۆ گەنجانی شاری بانە کردووەتەوە.