کوردستان
تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە کاتی دەرهێنانی تەرمی ئەو کەسەی بەهۆی رووخانی باڵەخانەکەوە گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای مەلەتیی باکووری کوردستان و بەهۆی رووخانی باڵەخانەیەکی سێ نهۆمییەوە هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
شەوی هەینی، 5ـی ئایاری 2023، باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی لە گەڕەکی سانجاکتار لە شارۆچکەی بەتاڵگازی سەر بە پارێزگای مەلەتی رووخا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سهرۆكایهتیی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاوی تورکیا- ئافاد، باڵەخانە رووخاوەکە بەهۆی ئەوەی یەکێک بووە لەو باڵەخانانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی ئەمساڵەوە زیانی بەرکەوتبوو، چۆڵ کرابوو.
دەزگای ئافاد راشیگەیاند، چەند کەسێک لە نهۆمی خوارەوەی باڵەخانەکەدا کرێکارییان کردووە و لە کاتی رووخانیدا کەوتوونەتە ژێر باڵەخانەکە.
ئافاد باس لەوە دەکات، تیمەکانیان توانیویانە سێ کەس رزگار بکەن و دوای دوو کاژێریش لە رووخانی، تەرمی گەنجێکی تەمەن 29 ساڵیان بەناوی ئۆکتای گوچلو دەرهێناوە.
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 50 هەزار و 783 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 107 هەزار 204 کەس برینداربوون. بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 6 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ