لە هەولێر پزیشکێکی بیانی کە مۆڵەتی نەبوو دەیویست نەشتەرگەریی جوانکاری بۆ 50 کەس بکات

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند رێگرییان لە پزیشكیکی بیانی کردووە، کە ویستوویەتی لە هەولێر نەشتەرگەریی جوانکاری بۆ زیاتر لە 50 کەس بکات، دەشڵێت ئەو پزیشکە مۆڵەتی کارکردنی نەبووە و سکاڵامان لەسەر تۆمارکردووە.
 
رۆژی هەینی، 6-5-2022، د.ئامانج وەفایی رەشید، گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت: "ئەو پزیشکە لە رێگەی کەسانی دیکەوە هێنراوەتە هەولێر و ئێمە سکاڵامان لەسەر ئەوانیش تۆمار کردووە."
 
سەبارەت بە دۆسییەکە، لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا ئاشکرایکرد: "بۆ رێگریکردن لە هەڵخەڵەتاندنی هاووڵاتیانمان لە لایەن کەسانێک، کە پیشەیان بووەتە هێنانی پزیشکی بیانی بۆ کارکردن لە نەخۆشخانە تایبەتەکان، پاش بەدواداچوونێکی ورد لە لایەن لیژنەکانمانەوە، رێگری کرا لەوەی پزیشکێکی بیانی کە بێ ئەوەی مۆڵەتی کارکردنی سەندیکای پزیشکانی هەبێت لە رێگەی کەسێکەوە هاتبووە شاری هەولێر بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانکاری بۆ زیاتر لە 50 کەس."
 
لە راگەیێنراوەکەی سەندیکای پزیشکاندا ئەوەش هاتووە: "لەکاتی بینینی نەخۆش لیژنەکانمان سەردانیان کرد بۆ ئەوەی دۆکیومێنتی تەواومان لابێت بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی، هەر بۆیە پزیشکەکە و ئەوەشی کە هێنابووی، سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمارکرا، هەموو ئەوانەی هاوکاریشیان کردوون بەپێی یاسا رێکاریان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، رێگەش نەدرا هیچ نەشتەرگەرییەک بکات."