ژنێکی شنگالی: لە ماڵەوە دانیشتبووین، گولـلە هاوەنێک بەر خانووەکەمان کەوت


رووداو دیجیتاڵ

شەڕی سوپای عێراق و یەبەشە بووە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە ماڵ و خانووی هاونیشتمانییان لە شنگال تووشی زیان ببێت، زیانی گیانی و دارایی زۆر بەر خەڵکی ناوچەکە کەوت. ژنێکی شنگالی دەڵێت، "ئێمە لە ماڵەوە بووین و گولـلەهاوەنێک بەر خانووەکەمان کەوت."
 
بەشێک لە خەڵکی شنگال لە کۆمەڵگەی دووگرێ کە دەکەوێتە باکووری چیای شنگال، رێگەی سەرەکییان داخست و داوایانکرد هێزە ئەمنییەکان لە شنگال بچنە دەرەوە، دەشڵێن، نایانەوێت هێزەکانی سوپای عێراق و یەبەشە لەنێو شارەکە بمێنن، تەنیا پۆلیس و هێزەکانی ئاسایش بمێننەوە.
 
سالم شنگالی، کاسبکارە و بە رووداوی گوت، "نامانەوێ سوپای عێراق بێت و لەنێو ماڵەکانماندا شەڕ بکات، با بچنە دەرەوەی شار. هەروەها پەکەکە و هێزەکانی سەر بە پەکەکە، ئێمە سوپاسیان دەکەین، راستە ئەوان پێشتر چاکەیەکیان لەگەڵ ئێمە کرد و سوپاسیان دەکەین، بەڵام ئەوانیش با لەنێو ماڵەکاندا بچنە دەرەوە."
 
لە ناحیەی سنوونێ بۆ پێنجەم رۆژ لەسەر یەک، بەشێک لە خەڵکی شارۆچکەکە گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داویانکرد ئەو هێزانە لەنێو شارەکە بچنە دەرەوە، لەو گردبوونەوەیەدا ژن، منداڵ و بەتەمەن بەشدارییان کرد.
 
نەجوا حەجی، پەرستارە و دەڵێت، "پێویستە حکومەت یان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، چونکە خەڵکی هەژاری ئێمە دەبنە قوربانی و ئەو هێزانە هەر رۆژە و رێککەوتنێک دەکەن، پێویستە رێککەوتنێکی یەکجاری بکرێت بۆئەوەی چیدیکە ئەو جینۆسایدە بەسەر خەڵکی ئێمە نەیەت."
 
وەسیم ناسر، قوتابییە و یەکێک بوو لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە، ئەو گوتی، "دەمانەوێ هەمووان لێرە بچنە دەرەوە و نەمێنن، بۆ ئەوەی بچینەوە قوتابخانە."
 
لە شەڕی نێوان سوپای عێراق و یەبەشە چەکی گران بەکارهات، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە چەندین ماڵ و خانوو زیانیان پێبگات. باسیمە خدر، خەڵکی شنگالە، یەکێکە لەو کەسانەی کە زیان بەر خانووەکەی کەوتووە و دەڵێت، "ئەوکاتەی شەڕ روویدا، ئێمە لەنێو خانووی خۆماندا بووین، منداڵە بچووکەکانیشم بردبوونە ماڵی مامیان، بەڵام ئێمە خۆمان لە ماڵ بووین کاتێک گولـلەهاوەن بەر ماڵەکەمان کەوت، ترساین کە خانووەکە بەسەرماندا بکەوێت."
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک، لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکو ئێستا 27 هەزار خێزان لەنێون کەمپەکان و 37 هەزار و 800 کەسیش لە دەرەوەی کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک نیشتەجێبوون، ئەو ئاوارانە بەهۆی دۆخی ناسەقامگیری شنگالەوە ئاوارەی سنوورەکە بوونە و ناوچەکانیان جێهێشتووە.