ژنە یاریزانێکی پاراگلایدەر: ئاواتم بوو بفڕم و ئاواتەکەم هاتەدی

 
رووداو دیجیتاڵ

شادی، لە منداڵییەوە خەونی بەوەوە بینیوە کە بتوانێت بفڕێت و لە ئاسمانەوە سەیری زێدەکەی بکات. پاراگلایدەر خەونەکەی شادیی هێنایەدی و ئەو دوای تەواوکردنی راهێنانەکان، رێگەی پێدرا بە تەنیا بفڕێت.
 
شادی مەجیدخا، یاریزانی پاراگلایدەر هیوا دەخوازێت ئەوانەی کە خەونیان بە فڕینەوە بینیوە، وەرزشی پاراگلایدەر تاقیبکەنەوە، "من ئاواتم بووە بفڕم و زۆرجاریش خەوم پێوە بینیوە، ئێستاش خەوەکەم هاتووەتەدی."
 
رۆژی پێنجشەممە، 40 پاراگلایدەرڤانی شارەکانی سنە، کرماشان، بانە، هەمەدان، تاران و شیراز لە گەردەنەی کەلی خان کۆبوونەوە و فیستیڤاڵی پاراگلایدەری بانەیان بەڕێوەبرد. فیستیڤاڵەکە بەبۆنەی کردنەوەی سەکۆی پاراگلایدەر بوو لەو گەردەنەیە.
 
پاراگلایدەر وەرزشێکی ئاسمانی و سەرگەرمییەکی سەرنجڕاکێشە و چەند ساڵێکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو وەرزشڤاناندا پەرەیسەندووە، بەڵام هێشتاش خەڵکێکی زۆر ناوێرن خۆیانی لێبدەن. بەشێک لەبەر ترسیان لە فڕین بەو شێوەیە و بەشێکی دیکەش، بەهۆی تێچووی زۆری وەرزشەکە.
 
یارییە ئاسمانییەکان بۆ ژنان و پیاوان سەرنجڕاکێشن، بەڵام لە رۆژهەڵاتی کوردستان پیاوان زیاتر روویان تێدەکەن. هەن ئەو ژنانەشی، بە زاڵبوون بەسەر ترس و تێپەڕاندنی بەربەستە کولتوورییەکان، لە ئاسمانەوە چێژ لە هاتنەدیی خەونەکانیان دەبینن.
 
زوهرە بەرمەکی، یاریزانی پاراگلایدەر داوا لە ئافرەتانی بانە دەکات لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە و پاراگلایدەر تاقیبکەنەوە، چونکە پێیوایە کاریگەریی لەسەر تەندروستییان دەبێت.
 
لەگەڵ سەرنجڕاکێشییەکەی، پاراگلایدەر وەرزشێکی مەترسیداریش دەبێت، ئەگەر یاریزانەکانی راهێنانی پێویست نەبینن و راهێنەرانی شارەزا، فێری چۆنێتیی فڕین و نیشتنەوە و خۆپاراستنیان نەکەن.