شنگال؛ گردبوونەوەی هاونیشتمانییان دژی شەڕ بەردەوامە

 
رووداو - شنگال

چوار رۆژە خەڵک لە شنگال گردبوونەوە دەکەن دژی شەڕ، هەرچەندە سوپای عێراق و بەرپرسانی یەبەشە رایانگەیاندووە کە بەنیازنین جارێکی دیکە شەڕ بکەنەوە، بەڵام خەڵکی سنووری شنگال باوەڕیان بەو قسانە نییە.
 
نەزیر هەسکانی، کاسبکار لە شنگال دەڵێت، ئەوان دەیانەوێت ئەو ناکۆکییە سەربازییە لە سنووری قەزای شنگال نەمێنێت، کە بەهۆیەوە خەڵک ئاوارە دەبن، "دەمانەوێت دەسەڵات بەدەستی پۆلیسی فیدراڵییەوە بێت و سوپای عێراق، یەبەشە و حەشدی شەعبی لە قەزاکە بچنە دەرەوە."
 
شەڕی نێوان یەکینەکانی بەرخودانی شنگال - یەبەشە و سوپای عێراق زیانی گیانی و ماددی بە خەڵک گەیاندووە. جندی ئێزدین، هاونیشتمانییەکی شنگالە و باس لەوە دەکات کە دوو گولـلە هاوەن و ئاڕ پی جی بەر ماڵەکەی کەوتوون و زیانی دارایی زۆری پێگەیشتووە.
 
جندی ئێزدین دەڵێت، قەرەبووی ئەو زیانانەی بۆ نەکراوەتەوە کە بەهۆی شەڕی نێوان سوپای عێراق و یەبەشە بەریکەوتووە، سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداویشی کرد کە چووەتە نێو خەڵک و ئەوەی بەسەریان هاتووە گواستوویەتیەوە.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و یەبەشە بە چەکی قورسی وەکو دۆشکە و ئاڕ پی جی و بۆمب روویدا، بەهۆی ئەو شەڕەیشەوە زیاتر لە 700 خێزانی شنگال جارێکی دیکە ئاوارەی سنووری پارێزگای دهۆک بوون، ئەوەش بووەتە جێی نیگەرانیی خەڵکی سنووری شنگال.
 
بەهۆی شەڕی نێوان سوپای عێراق و یەبەشەوە سەربازێک و شەڕڤانێکی یەبەشە گیانیان لەدەستدا. ماوەی چوار رۆژە شەڕ وەستاوە، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە کە شەڕ دووبارە نەبێتەوە.