رووداو دیجیتاڵ
بەردەوامی شەڕی گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا خەڵکی گوندی کێستەی ناچارکرد گوندەکەیان چۆڵ بکەن، بەهۆی نزیکی بنکەو بارەگاکانی پەکەکە و سوپای تورکیاش لە گوندەکان، مەترسی لەسەر چۆڵبوونی ئەو گوندانە هەیە.
ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند، لە سنووری قەزای ئامێدی، بە تایبەت ناوچەی بەرواری باڵا ناوچەیەکە بەردەوام شەڕو ئاڵۆزی بەخۆیەوە دەبینێت، بە تایبەتیش دەوروبەری گوندی کێستە و هرورێ، شەوی رابردووش رەوشی ناوچەکە وەکو شەوەکانی دیکە بوو، شەڕ و پێکدادان و بۆردوومانی ناوچەکە بەردەوامبوو.
گوندی کێستە لە باشوورییەوە کە رێگەی گوندەکەیە، لە رۆژهەڵاتی بنکە و بارەگاکانی پەکەکەی لێیە و نزیکی گوندەکەن، لە باکوور و رۆژئاواش سوپای تورکیای لێ جێگیر بووە، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی شەڕو پێکدادان بەردەوام بێت و تەنانەت شەوی رابردوو شەڕ و پێکدادان کەوتە نێو گوندی کێستە، بەو هۆیەش دوای 13 رۆژ لە دەستپێکردنی شەڕ لەو ناوچەیە خەڵکی گوندی کێستە بە ناچاری گوندەکەیان چۆڵکرد.
لەنزیک گوندی چەلکێ بنکە و بارەگاکانی پەکەکە زۆر نزیکن، هاوکات خاڵە سەربازییەکانی سوپای تورکیاش نزیکی گوندەکەن کە تازە لەو شوێنانە جێگیر بوونە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە مەترسی لەسەر ئەو گوندەش دروست ببێت. بە گوتەی موختاری گوندی چەلکا سەیدان ژیانیان لە مەترسیدایە و بە دووری نازانێت گوندەکەیان چۆڵ بکەن.
خەڵکی ئەو گوندانە بە پێویستی دەزانن خاڵی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هێزەکانی پێشمەرگە بچنە پشتی ئەو گوندانە بۆ ئەوەی ئارامی بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە، لە هەر شوێنێک هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هێزەکانی پێشمەرگە چووبنە پشتی گوندەکان ئەو گوندانە ئێستا ئارامن.
لە 23ی نیسانی 2021ەوە تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی هەورە برووسکە" بە پاساوی رووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانی پەکەکە لە بەرزاییەکانی سنووری ئامێدی دەستپێکردووە، سوپای تورکیا دەستی بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینان لە سنووری پارێزگای دهۆک کرد و پێکدادانیش لەنێوان سەربازانی تورکیا و گەریلا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ