وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رۆژانی پێنجشەممە دەکاتە پشوو
رووداو - هەولێر
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەربارەی دەستپێکردنەوەی دەوامی سەرجەم فەرمانگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازی، رایگەیاندووە، لە رۆژی یەکشەممە 10ی ئایارەوە دەوام دەستپێدەکات، رۆژانی پێنجشەممەش دەکرێت بە پشوو.
بەپێی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە سەرجەم فەرمانگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکە، دەوامی ئاسایی لە رۆژی یەکشەممە تاوەکو چوارشەممە لە کاژێر 09:00ی بەیانی تاوەکو 01:00ی دوانیوەڕۆ دەبێت، ئاماژەی بەوەش کردووە، رۆژانی پێنجشەممە پشوو دەبێت.
فەرمانەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە رۆژی دەرچوونیەوە کاری پێدەکرێت، ستافی فەرمانبەرانیش بەشێوەی یەک لەسەر سێ دەبێت و بەڕێوەبەرەکان رێکیدەخەن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە رۆژی 14ی ئادارەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەمەبەستی کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی، دەوام لە زۆربەی فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگیرا.