رووداو دیجیتاڵ
دوای رۆژێک لە ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی دارە سووتاوەکەی سلێمانی، دەست بە پاکردنەوەی بازاڕەکە نەکراوە؛ نوێنەری دووکاندارەکان دەڵێت، ''ئەمڕۆ لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبینەوە.''
ئەمڕۆ یەکشەممە، 06-04-2025، ئەرسەلان ساڵح، نوێنەری دووکاندارانی بازاڕی دارە سووتاوەکەی سلێمانی کە دوێنێ ئاگرکەوتنەوەیەک تێیدا روویدا و زیان بە ژمارەیەک دووکان گەیشت، بە نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''هەر دوێنێ لەگەڵ قایمقامی سلێمانی کۆبووینەوە، بۆ زانینی چۆنیەتیی سەرهەڵدانی ئاگرەکە و قەبارەی زیانەکان، بۆ ئەوەی راپۆرتەکە بەرز بکەنەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.''
ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی کە سەردانی بازاڕە سووتاوەکەی کرد، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە زیاتر لە 150 دووکان زیانیان بەرکەوتووە.
ئەرسەلان ساڵح گوتی: ''تاوەکو ئێستا دووکانداران دەستیان بە خاوێنکردنەوەی دووکانەکانیان نەکردووە. پێمگوتوون جارێ دەستکاریی هیچ شتێک مەکەن، بۆ ئەوەی کاتێک [لیژنەی حکومەت] هاتن، خۆیان قەبارەی زیانەکان ببینن، دواتر ئەگەر نەیناتوانی بە هانامانەوە بێن، ناچارین خۆمان دەست بە پاککردنەوەیان بکەین.''
بەگوتەی نوێنەری دووکاندارەکانی بازاڕی دارە سووتاوەکەی سلێمانی، ''دووکانداران بەپێی قەبارەی کەلوپەلی نێو دووکانەکانیان لە 20 هەزار تاوەو 100 هەزار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە."
وەک ئەرسەلان ساڵح دەڵێت، بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 13:30ی دوای نیوەڕۆ لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوێ لە قسەی دووکانداران و زیانلێکەوتووانی ئاگرکەوتنەوەکە بگرێت.
ئاگرەکە نزیک کاژێر 04:00ـی بەیانیی رۆژی شەممە لە بازاڕی دارە سووتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە و زیاتر ئەو دووکانانەی گرتووەتەوە کە بە مەزادخانەی سەرەوە ناسراون.
ئێستا بازاڕەکە چۆڵە و هێزە ئەمنییەکان بەردەوام لەنێو دووکانەکاندا هەن، بۆ ئەوەی بازاڕەکە بپارێزن و رێگری لە هاتووچۆی خەڵک بکرێت.
لێکۆڵینەوەکان لەسەر قەبارەی زیانەکان و هۆکاری رووداوەکە بەردەوامن. رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، هێشتا راپۆرتی تایبەت بە رووداوەکە ئامادە نەکراوە، بەڵام دوای تەواوبوونی، وردەکارییەکان دەخرێنەڕوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ