رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی پرۆسەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، روونکردنەوە دەداتە پەرلەمانتاران.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو لیژنەکەیان لەناو پەرلەمانی عێراق روونکردنەوەی تەواو لەبارەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەدات و بەتەواوی بۆ پەرلەمانتاران روونی دەکەنەوە.
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، تەنیا دەنگدان ماوە، چەند جارێک هەوڵدراوە دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام دواخراوە.
بەگوتەی ئەندامەکەی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق، پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە هەموو رێکارە یاساییەکانی بڕیوە و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کردووە، بۆیە هیچ کێشەیەکی نییە.
بە بۆچوونی شێروان دووبەردانی، کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، پێویستی بە دەنگدانی نێو پەرلەمانیش نییە، چونکە لە بنەڕەتدا حکومەتی عێراق رەزامەندی داوە، ئەمەش کارێکە بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە حکومەت.
پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە چوار مادە پێکهاتووە؛ یەکەم مادە باسی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکات وەکوو نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق، کە ناوەندی پارێزگاکە شاری هەڵەبجە دەبێت، بەپێی مادەی دووەمیش ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سنووری یەکە ئیدارییەکانی پارێزگاکە دیاری دەکات.
رۆژانی 25 و 26ـی مانگی رابردوو، دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە خرایە خشتەی کاری پەرلەمان، بەڵام دواخرا.
پێش کۆبوونەوەکەی شەوی 26ـی مانگی رابردووی پەرلەمانی عێراق، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق بڕیاریان دا ئەگەر "ئەمشەو" دەنگ بە پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە نەدرێت، بەشداریی هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکەی پەرلەمان ناکەن، ئەگەر ئەو بڕگەیەی تێدا نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ