بەرگریی شارستانیی سۆران: 9 تیم و 150 کارمەندی ئەمنی بەدوای تەرمی ئاڤێستادا دەگەڕێن
رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ بەیانی کچێک کەوتە نێو رووباری تەنگاتوور لە قەزای مێرگەسۆر، تاوەکو ئەمڕۆ تەرمەکەی بێسەروشوێنە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت، "9 تیمی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان و زیاتر لە 150 کارمەندی ئەمنی، بەردەوامن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی نیسانی 2025، رەوەند مەغدید بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە درێژایی ئەمڕۆ 9 تیمی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران بە هاوکاریی زیاتر لە 150 ئەفسەر و کارمەندی پاسەوانی سنوور، ژینگە و فەرماندەی پێشمەرگەی بارزان بەردەوامن لە گەڕان، بەڵام تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە."
وەکو گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت: "بە ئەگەرێکی زۆر تاوەکو 10 بۆ 15 رۆژی دیکە بەهۆی بەرزیی ئاستی ئاوی رووبارەکە دۆزینەوەی تەرمەکە ئەستەم دەبێت، هەروەها سەختیی ناوچەکە و بارانی زۆر و لێڵی ئاوی رووبارەکە دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستای سەختتر کردووە."
رووداوەکە دوێنێ کاژێر 09:50 خولەکی بەیانی روویداوە. لەبارەی هۆکارەکەی، رەوەند مەغدید گوتی: "ئاڤێستا لەگەڵ براکەی بۆ وێنەگرتن چوونەتە کەناری رووبارەکە، بەڵام لەو کاتەدا براکەی دەکەوێتە ناو رووباری تەنگاتوور، ئەویش هەوڵی رزگارکردنی دەدات و رزگاری دەکات، بەڵام خۆی دەکەوێتە ناوی و دەخنکێت."
ئاڤێستا تەمەنی 27 ساڵە و دانیشتووی شاری هەولێرە، بۆ سەیران لەگەڵ خێزانەکەی چووبوونە بارزان، زیاتر لە 24 کاژێرە تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.