حدکا قسەی میوانێکی بەرنامەی پەنجەمۆری رووداو سەبارەت بە شەڕی کۆمەڵە و دیموکرات رەتدەکاتەوە

06-04-2025
پەیمان محەممەد
پەنجەمۆر لەگەڵ مەلەکە مستەفا.
پەنجەمۆر لەگەڵ مەلەکە مستەفا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

حدکا قسەکانی پێشمەرگەیەکی دێرینی کۆمەڵە رەتدەکاتەوە کە لە بەرنامەی پەنجەمۆری تۆڕی میدیایی رووداودا، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران تۆمەتبار دەکات بەوەی کە دەستپێشخەری شەڕ لەگەڵ کۆمەڵە بووە و قسەکانی بە ''ناڕاست'' دەزانن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 06-04-2025، ناوەندی ئیداریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) راگەیێندراوێکی سەبارەت بە قسەکانی مەلەکە مستەفا سوڵتانی، پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە بڵاوکردەوە کە لە بەرنامەیەکی پەنجەمۆری تۆڕی میدیایی رووداودا باسی لە هۆکاری سەرهەڵدانی ناکۆکییەکانی نێوان کۆمەڵە و دیموکرات کرد.
 
لە راگەیێندراوەکەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا هاتووە: ''بەداخەوە ناوبراو [مەلە مستەفا سوڵتانی] لە بەشێک لە بەرنامەکەدا هێرشی ناڕەوا دەکاتە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سەرلەبەری ئەم تۆمەتانە رەتدەکەینەوە.''
 
حدکا وێڕای سەرکۆنەکردنی شەڕی نێوخۆیی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە، ''لە هەلومەرجی هەستیاری سیاسیی ئێستای کوردستاندا کە دوژمنانی کورد لەوپەڕی لاوازیدان، هەمووان دەبێ لە ئێستا و لە داهاتوودا بەرژوەندیی باڵای نەتەوەکەمان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەک دابنێین و پێکەوە کار لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوانمان بکەین و پێویست ناکا هەوڵی نانەوەی دووبەرەکی بدرێ.''
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، ''کارکردن لەسەر مێژووی کورد و لێکدانەوەی رووداوەکان بە لێکۆڵەران و پسپۆڕانی بێلایەن بسپێرین و ئەنجامەکانی وەک وانە و ئەزموونێکی هاوبەش بخەینە خزمەت دۆزی رەوای گەلەکەمان و لەو پێوەندییەدا خۆمان بە بەرپرسیار بزانین.''
 
هاوکات ناوەندنی ئیداریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رووی دەمی دەکاتە تۆڕی میدیایی رووداو و رایدەگەیێنێت کە ''ئەرکی میدیای کوردی لەم سەردەمەدا ئەوەیە یارمەتیی تەبایی و یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان بدەن و لە ژێر ناوی رۆژنامەنووسی ئازاد و بێلایەن هەوڵی کەلێن دروستکردن لەنێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا نەدەن.''
 
مەلەکە مستەفا سوڵتانی، پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە لە بەرنامەکەی پەنجەمۆری تۆڕی میدیایی رووداودا کە بە شەش بەش پەخشکرا، سەبارەت بە شەڕی کۆمەڵە و دیموکرات دەڵێت، "دیموکرات دەستپێشخەریی شەڕی لەگەڵ کۆمەڵەدا کرد" بەڵام "دەبوو کۆمەڵە زیاتر دان بە جەرگی خۆیدا بنێت و شەڕ رووینەدایە و کۆمەڵە زمانی زبری دژی حیزبی دیموکرات بەکاردەهێنا".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ''من پاکانە بۆ کۆمەڵە ناکەم، وەک خۆم نەمبیستووە کە کۆمەڵە دیلی حیزبی دیموکراتی کوردستانی کوشتبێت، بەڵام ئەوەی کە ئەوان (دیموکرات) لەگەڵ گوردانی 22ـی ورمێ کردیان لە سۆما و برادۆست، لەگەڵ پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و بەتایبەتی بە کچەکان؛ کچی برینداری پێشمەرگەی کۆمەڵە کاری خراپیان لەگەڵدا کردن و دواتر ئیعدامیان کردن؛ حیزبی دیموکرات ئەوهای کرد''.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاتی لێدان لە قوتابییەک لەلایەن مامۆستایەکی

داواکاری گشتیی کرماشان: لێکۆڵینەوە لەبارەی لێدانی قوتابیان دەکەین

دوای رۆژێک لە بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆی تووندوتیژیی مامۆستایەک بەرامبەر قوتابیانی لە قوتابخانەیەکی شاری کرماشان، داواکاری گشتیی پارێزگاکە رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لەبارەی رووداوەکەوە دەستپێکردووە.