رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، ئەگەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە چەکی بانکیی شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژیان ئامادەبێت، پێش جەژنی رەمەزان شایستەکانی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دابەشدەکرێت.
عەلی رەئووف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ، لەبارەی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مانگی کانوونی دووەمی 2024 مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی پەیوەندیمان بە ژمارەیەک بەرپرسی حکومەت و وەزارەتی داراییەوە کرد، دڵنیاییمان وەرگرتووە ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکان چەکی بانکیی ئامادە بکەن ئەوا لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتەیە شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ دەدرێت."
روونیشیکردەوە: "بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەکان لە پارێزگاکان رۆژی یەکشەممە کە دەکاتە 7ـی نیسانی 2024 چەکی بانکییان ئامادە دەبێت."
سەبارەت بەو پەروەردانەش ئاشکرایکرد، "پەروەردەکانی بەردەڕەش، دووکان، ئاکرێ، کەلار، سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان، سێمێل و رواندز سبەی چەکی بانکییان ئامادە دەبێت و هەوڵ دەدەین پەروەردەکانی دیکەش چەکی بانکی ئامادەبکەن."
بەپێی رێنوێنیی ژمارە 14ـی وەزارەتی دارایی، مامۆستایانی وانەبێژ ئەوانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن لەنێوان 250-350 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 250-400 هەزار دینار خەرج دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان 36 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن، شایستەی مانگانەیان نزیکەی 16 ملیار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ