لقی سلێمانیی بانکی ناوەندیی هەرێم: ئەمڕۆ پارە بۆ مووچە بەردەستە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی رایگەیاند، لە بانكەكانی سلێمانی پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی سێ بۆ ئەمڕۆ بەردەستە و "چاوەڕوانی وەرگرتنی پارە دەكەین بۆ رۆژانی داهاتوو."
د. ماكوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە هەوڵ و كۆششی كارمەندانی بانكەكان، ئامادەکاری کراوە بەپێی خشتەکەی وەزارەتی دارایی مووچە دابەش بکرێت."
ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی گوتیشی، "شەو کارمەندانی بانکەکان تاوەکو پارشێو، سەرقاڵی کارەکانیان بوون و شەوی قەدریان لەنێو بانکەکان بەڕێکردووە و سوپاسی ماندووبوونیان دەکەین."
بۆئەوەی هیچ گرفتێکیش لەکاتی دابەشکردنی مووچە دروستنەبێت، ماکوان جەمیل ئەوەی خستەڕوو، "لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی، پۆلیس و هاتووچۆ هاوئاهەنگییان کردووە، تاوەکو بەبێ گرفت مووچە دابەش بکرێت."
لەبارەی مووچەی مانگی دووی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەش گوتی، "هیچ گرفتێک لەوبارەیەوە نەماوە و مووچەی مانگی دوو هەمووی دابەش کراوە."
رۆژی هەینی 05-04-2024 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە، بەپێی لیستەکە، ئەمڕۆ کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان، زیندانە سیاسییەکان، خاوەن پێداویستیی تایبەت، خانەنشینی شارستانی و خانەنشینی پێشمەرگە مووچە وەردەگرن.