رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند بڕیاری وەستاندنی گەشتی ئاسمانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بەهۆی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـیە و رۆژی سێی تەممووز دووبارە چاو بە بڕیارەکەدا دەخشێندرێتەوە و لە ئەگەری چارەسەرکردنی بابەتەکە، دووبارە گەشتەکان دەستپێدەکرێنەوە.
لەکاتێکدا لە رۆژی دووشەممەوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و فڕۆکەخانەکانی تورکیا وەستێندراون و رۆژی چوارشەممە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هۆکارەکە پەکەکەیە، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە (5-4-2023) ئاکپارتیش هەڵوێستی بەرامبەر بابەتەکە نیشاندا.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئێوارەی چوارشەممە، گوتی "لە ناوچەی سلێمانیدا چڕبوونەوەیەکی رێکخراوی تیرۆرستی هەیە. ئەمە بۆ ئاسایشی فڕین مەترسییە، هاوکات دۆخێک دەهێنێتە ئاراوە کە لای ئێمە جێی قبووڵ نییە. پێموابێت ئەم بڕیارە تاوەکو 3ـی تەمموز دەخایەنێت".
چەلیک جەختی کردەوە لەوەی رۆژی 3ـی تەمموز تورکیا چاو بە بڕیارەکەدا دەخشێنێتەوە و ئەگەر تاوەکو ئەوکاتە ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت، ئەوکاتە گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە.
شەوی دووشەممە 03-04-2023، هەندرێن هیوا موفتى، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کاژێر 7:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن کۆمپانیای تورکیش ئێرلاینەوە ئاگادارکراینەوە کە ئەو گەشتانەیان کە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییە و کاژێر 10:00ـی شەو بوو، تاوەکو کۆتایی مانگ راگرتووە، ئەو گەشتەی دیکەیان کە چواری بەرەبەیان بوو تاوەکو پێنجی ئەم مانگە رادەگیرێن"، بەڵام تائێستا گەشتەکان دەستیان پێنەکردووەتەوە.
رۆژی سێشەممە، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایگەیاند، "تورکیش ئێرلاین راگرتنی گەشتەکانی بۆ 11-04-2023 درێژکردووەتەوە".
هەر سەبارەت بە داخستنی ئاسمانی تورکیا بە رووی فڕۆکەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، رۆژی سێشەممە 04-04-2023، جیهاد کازم، بەرپرسی راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاگادارین گەشتەکان بۆ سلێمانی راگیراون، بەڵام هێشتا وەڵامی هۆکارەکەمان پێنەگەیشتووە".
لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە کردووە و لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کۆبوونەوە و بە نووسراوی فەرمی داوای روونکردنەوە و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویستیان کردووە.
کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەکێتی کە ئەندامی لیژنەکەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەپێی بەدواداچوونەکانمان، هیچ کێشەیەکی هونەری و ئیداری لەلایەن فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە نییە و دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق ئەمەیان سەلماندووە".
سەبارەت بە سەرچاوەی بڕیارەکەش، ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی گوتی "بڕیارەکە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە دراوە بە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی تورکیا و فەرمانیان پێکردوون هەموو گەشتێکی هاتن و رۆیشتن بەسەر ئاسمانی تورکیاوە بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی قەدەخە بکەن".
دەقی گوتەکانی عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لەبارەی بڕیارەکەوە:
لە ناوچەی سلێمانیدا چڕبوونەوەیەکی رێکخراوی تیرۆرستی هەیە. ئەمە بۆ ئاسایشی فڕین مەترسییە، هاوکات دۆخێک دەهێنێتە ئاراوە کە لای ئێمە جێی قبووڵ نییە. پێموابێت ئەم بڕیارە تاوەکو 3ـی تەمموز دەخایێنێت. ئەگەر ئەو چڕبوونەوەیەی رێکخراوی تیرۆرستی بڵاوەی پێ بکرێت و ئەوان تەسفیە بکرێن، پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکرێت. ئەم بڕیارە لەپێناوی ئاسایشی فڕین و ئەو کەسانەی دەڕۆنە سلێمانی، بە ناچاری دراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ