فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر: ئەمڕۆ سەگی بێلانە هێرشیان کردووەتە سەر 9 کەس

06-04-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تەنیا ئەمڕۆ، نۆ کەس بەهۆی هێرش و گەستنی سەگی بێلانەوە گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر. نەخۆشخانەکە هۆشداری لە "روودانی کارەسات" دەدات ئەگەر چارە بۆ سەگی بێلانە نەدۆزرێتەوە. سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستانیش دەڵێت، "زیاتر لە 300 هەزار سەگی بێلانە لە هەرێمی کوردستان هەن و هەڕەشەی گەورەتر لەسەر ژیانی خەڵک دروستدەکەن."
 
شەوی پێنجشەممە، 6-4-2023، د. شڤان کازم، پزیشک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەنیا ئەمڕۆ 9 کەس هاتوونەتە نەخۆشخانەکەمان کە سەگی بێلانە گەستوونی، پێشتر ژمارەی کەیسەکان رۆژانە دوو بۆ سێ کەس بوون، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەکە بوو بە سێ هێندە."
 
ئەو پزیشکە باس لەوە دەکات، "ئەم کێشەیە گەورەیە و دەبێت چارەسەربکرێت، بەتایبەت ئەگەر گەستن زۆر بێت ئەوا رێژەی تووشبوون بە هارییش زۆر دەبێت، ئەو کاتە زیانی تەندروستیی دەبێت و دەبێت چارەی بۆ بدۆزێتەوە، بەتایبەت بەشێک لە هێرش و گەستنەکان برینی قووڵیان دروستکردووە."
 
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر لە راگیێندراوێکدا هێرشی سەگە بێلانەکان بە "مەترسیدار" دەزانێت و دەڵێت: ئەگەر بەردەوام ببێت کارەساتی لێدەکەوێتەوە.
 
ملکۆ بازیانی، سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بەپێی ئەو ئامارانەی لەلای ئێمە هەن و ماوەی ساڵێک دەبێت کاری لەسەر دەکەین، زیاتر لە 300 هەزار سەگی بێلانە لە هەرێمی کوردستاندا هەن و لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 50 هەزار سەگ دەبن."
 
سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان گوتی، "سەگی بێلانە سەرجەم پارێزگا و شارەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، رۆژانە ئاستەنگ بۆ هاووڵاتییان و هاونیشتمانییان دروستبووە و هەندێک جار خەڵک رووبەڕووی مەرگ دەکەنەوە. ئێمە پێشتر پڕۆژەمان دا بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی سەگی بێلانە، بەڵام بەداخەوە حکومەت بەهەند وەرینەگرت و ئێستا جارێکی دیکە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان هەڕەشەیان لەسەرە، بۆیە بە ناچاری ئێمە پڕۆژەکەمان ناردووە بۆ وەزیری ژینگەی عێراق و پڕۆژەکە لە سڵیمانی 329 ملیۆن دیناری تێدەچێت و 50 هەزار سەگی بێلانە دەگرین و کۆیدەکەینەوە."
 
گوتیشی، "بۆ نەهێشتنی ئەو سەگە بێلانانەی لە هەرێمی کوردستان هەن، پڕۆژەکە پێویستی بە ملیارێک و 200 ملیۆن دینارە و دەتوانین لەماوەی سێ مانگدا چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزینەوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری سلێمانی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

شەفافییەت: داهاتی هەفتانەی سلێمانی لە 13 بۆ 5 ملیار دینار دابەزی

ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 5 ملیار دینارە، لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو زیاتر بوو لە 13 ملیار دینار.