بەهۆی تەقینەوەی مین لە سیدەکان سێ ئەندامی خێزانێک بریندار بوون؛ 'هیچم لەبیر نەماوە'


رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ لە کاتی چوونیان بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارە لە کوێستانەکانی برادۆست، مین بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە و بەهۆیەوە سێ کەسی یەک خێزان بریندار بوون.
 
سڵاح کەریم، کەسوکاری بریندارەکان بە رووداوی گوت، "بە ئێمەیان نەگوت کە مینی لێیە، چووین و یەکسەر پێماندا تەقییەوە، نە زنجیریان دانابوو نە بەرد کە خەڵک ئاگادار بن، چووین و پێیاندا تەقییەوە، ئەمانە [باسی بریندارەکان لە نەخۆشخانە دەکات] هەموویان بریندار بوون."
 
بەهێزیی تەقینەوەکە هەموو شتێکی لەبیر بردوونەتەوە. چیمەن سڵاح، برینداری تەقینەوەکەیە و دەڵێت، "من هیچم لەبیر نەماوە، دەنگی تەقینەوەکە زۆر بەهێز بوو."
 
فاتیمە حوسێن، یەکێکی دیکەیە لە بریندارانی رووداوەکە و باس لەوە دەکات، "پێنج کەس بووین ئەوەندەم گوێ لێ بوو دەنگێکی بەهێز هات و تەواو." نێچیر سڵاح کە بریندارێکی دیکەی تەقینەوەکەیە ئاماژە بەوە دەکات کە "وەکو خەونێک هیچم لەبیر نییە و نازانم چۆن روویدا." 
 
بریندارانی تەقینەوەکە لە سۆران چارەسەری خێرایان وەرگرت. دکتۆر مام رەش ئەحمەد، پزیشکی فریاکەوتنی سۆران دەڵێت، "لە جەستەیاندا تەنها دانەیەک قاچی هەڵاوسابوو، ئەوانی دیکە هیچ کێشەیان نەبووە و لەو باوەڕەداین هیچ شکانێکیان نەبێت." 
 
تەقینەوەکە لە بناری بەربزین و برادۆست روویداوە. لێکۆڵینەوەکان لایەنە ئەمنییەکان و قایمقامیەتی سیدەکانی گەیاندووەتە ئەو ئەنجامەی کە مینەکە "لەلایەن پەکەکەوە دانرابووەوە."
 
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی سیدەکان بەوەکالەت دەڵێت، "ئەو مینەی ئەمڕۆ بە هاووڵاتییانی ئێمەدا تەقیوەتەوە لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە داندرابوو، جگە لەم شوێنە کۆمەڵێک شوێنی دیکەش هەن کە لە رابردوودا هاووڵاتییانی خۆمان ئاگادارکردووەتەوە سەردانی نەکەن."
 
تەقینەوەکەی سنووری بەربزین و برادۆست جاری یەکەم نییە روودەدات. لە ساڵی 2017ـەوە ناوچەکە بەردەوام مەیدانی شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکەیە. بەشێکی گوندنیشانی ناوچەکەش بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەوە گوندەکانیان چۆڵکردوون.