هەڤاڵ ئەبوبەکر: بە فەرمی داوامان لە کۆنسوڵی تورکیا کردووە گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێبکاتەوە

06-04-2023
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری سلێمانی لەبارەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بە رووداو گوت، بە فەرمی داواکاریی پارێزگاکەیان بە کۆنسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان گەیاندووە. دەشڵێت، "داوامان کردووە دەست بە گەشتە ئاسمانییەکانمان بکرێتەوە."
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، بە فەرمی نیگەرانییەکانی پارێزگاکەیان لەبارەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سلێمانی داوە بە محەممەد مەولوود یاقووت، کۆنسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و دڵنیاییان لە دۆخی ئارامی و ئاسایشی سنووری پارێزگای سلێمانی و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی پێداوە. 
 
رۆژی 03-04-2023، کۆمپانیا تورکیش ئێرلاین سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی راگرت. 

 

کۆمپانیای تورکیش ئیرلاین، رۆژانە دوو گەشتی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەبووە، یەکێکیان 10ـی شەو و، ئەوەی دیکەشیان 4ـی بەیانییان بوو. 
 
هاوکات ئەمڕۆ پێجشەممە، 06-04-2023، فڕۆکەخانەی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی پێنەدانی رەزامەندی لەلایەن تورکیاوە بۆ تێپەڕبوونی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی کۆندۆر، گەشتەکانی کۆمپانیاکە هەڵوەشاوەتەوە.
 
پارێزگاری سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، "دڵنیاییمان لە دۆخی ئارامی و ئاسایشی سنووری پارێزگای سلێمانی و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی" بە کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان داوە و "داوامانکرد رێڕەوی ئاسمانیی بکرێتەوە و دەست بە گەشتە ئاسمانییەکانمان بکرێتەوە." دەشڵێت، کۆنسوڵی تورکیا "پیرۆزبایی مانگی رەمەزانی گەیاندە پارێزگاری سلێمانی و بەڵێنیاندا کە پەیامەکانی ئێمە بگەیێننە ئەنقەرە و وەزارەتی دەرەوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە