لە سیدەکان مین بە ئۆتۆمبێلێکدا دەتەقێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

لە گەرووی سنگان لە سیدەکان مین بە ئۆتۆمبێلێکدا دەتەقێتەوە و بەهۆیەوە سێ کەس گەیێندراونەتە نەخۆشخانە. قایمقامی سیدەکان دەڵێت: بریندار نەبوون، تەنیا ترساون.
 
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو مینەی بە ئۆتۆمبێلەکەدا تەقیوەتەوە "لەلایەن پەکەکەوە دانراوە."
 
ئەو سێ کەسە ناویان: چیمەن سەڵاح، نێچیر سەڵاح و فاتیمە حەسەن ـە؛ تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 30 ساڵانە و "بەمەبەستی هێنانی گیای بەهارە چووبوونە ئەو ناوچەیە."
 
رووداوەکە دەوروبەری کاژێر 10:00ـی بەیانی بووە. یەکێک لەو کەسانەی کە بەهۆی رووداوەکەوە گەیێندراوەتە نەخۆشخانە بە رووداوی راگەیاند: "پێنج کەس بووین... تەنیا یەک شتم لەبیرە، ئەوەندەم زانی ئۆتۆمبێلەکەمان لە ئاسمان هاتەوە خوارەوە."

ئەو ژنە لەسەر تەختی نەخۆشخانە ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای رووداوەکە لەلایەن "خزم و کەسوکارەوە" گەیێندراونەتە نەخۆشخانە. 

یەکێکی دیکە لەو کەسانەی لە ئۆتۆمبێلەکەدا بووە لەکاتی رووداوەکە، باسی لەوە کرد، هیچ ئاگادارکردنەوەیەک نەبووە لەو ناوچەیەی "تی ئێن تی" یەکەی تێدا دانرابوو.