ئیستۆنیا هێزێکی تایبەت لە هەولێر جێگیر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئیستۆنیا رایدەگەیێنێت، ئەم مانگە یەکینەیەکی سوپای وڵاتەکەیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەولێر جێگیردەکرێت. ئەرکی یەکینەکە پاراستنی بنکە سەربازییەکان، وەڵامدانەوەی خێرا و پاراستنی کەسایەتییە پلەباڵاکان دەبێت.
لە راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی وڵاتە ئەوروپییەکەدا هاتووە، یەکینەکە لە 110 سەرباز و ئەندامی بەرگریی ئیستۆنی پێکدێت کە سەر بە بەتالیۆنێکی پیادە و هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەو وڵاتەن. ئەو یەکینەیە شوێنی هێزێکی هۆڵەندی دەگرێتەوە و بۆ ماوەی شەش مانگ لە هەولێر دەمێنێتەوە.
جەنەڕاڵ مارتن هێرێم، سوپاسالاری وڵاتە باڵتیکییەکە رایگەیاند، "بەشداریکردنی یەکینەکانمان لە ئۆپەراسیۆنە بیانییەکاندا رۆڵێکی بەهێزیان هەبووە لە باشکردنی پەیوەندییەکانی ئیستۆنیا و توانای وڵاتەکەمان بۆ کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان."
هاوکات باسی لەوە کردووە، "بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە مایەی نیگەرانی ئەوروپا و هەموو رۆژئاوان، دەریخستووە کە ئیستۆنیا هاوپەیمانێکی پیشەگەر و متمانەپێکراوە و دەتوانێت هاوکاریی خۆی و ئەو وڵاتانەش بکات کە لە کاتی هەبوونی مەترسیدا پێویستیان بە یارمەتییە."
هێرێم هەروەها باسی لەوە کردووە: "هاوپەیمانەکانمان نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر پێشنیازیان کرد یەکینەکانمان بنێرین. ئێستا ئێمە لە دۆخێکداین کە سەربازەکانمان مەشق و راهێنانەکانیان تەواودەکەن و ئامادەن بۆ جێگیرکردن."
ئەو هێزە ئیستۆنییەی کە وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە باسی دەکات، بڕیارە لە بنکەی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر جێگیر بکرێن بۆ ئەوەی لەگەڵ هێزی هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتیی سەر بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئەرکەکەیان راپەڕێنن.
ئێستا زیاتر لە چوار هەزار سەربازی هاوپەیمانان لە بنکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر جێگیرکراون.
هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکە کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات، ئەرکی ئاشکرای بریتییە لە راوێژ و مەشقپێدان بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان لە بەزاندنی بەردەوامی داعش.
وەزارەتی بەرگریی ئیستۆنیا ئاماژە بەوە دەکات، داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا و جیهانیش.
لە راگەیێندراوەکەیدا هاتووە: "شەڕکردن دژی تیرۆر کارێکی لەپێشینەیە بۆ هاوپەیمانەکانی ئیستۆنیا، ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا؛ هەروەها لەگەڵ رووسیا، تیرۆر یەکێکە لەو دوو هەڕەشە گەورەیەی رووبەڕووی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دەبێتەوە."
ئیستۆنیا لە ساڵی 2016ـەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە، بەڵام لە ماوەی رابردوودا، تەنیا 5 سەرباز و راوێژکاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان بوون.
ئەو وڵاتە هەروەها لە ئۆپەراسیۆنی بەناو "ئازادکردنی عێراق" لە ساڵی 2003 بۆ 2009 و ئەرکی ناتۆ لە عێراق لە ساڵی 2005 بۆ 2011، هەروەها لە 2018 تاوەکو ئەمڕۆ بەشداربووە.