ماسییەکەی دەربەندی رانیە بە 200 هەزار دینار فرۆشرا

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەو ماسییەی راوچییەکانی دەربەندی رانییە لە ترسی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین جێیانهێشتبوو، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە 200 هەزار دینار فرۆشرا.

ماسییەکە کێشەکەی 50 کیلۆگرام بوو، لەلایەن راوچییەکانەوە لە ئاوی دەربەندی رانیە راو کرابوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستا وەرزی قەدەخەکردنی راوەماسییە، راوچییەکان لە ترسی پۆلیسی دارستان نەیانتوانیبوو ماسییەکە لەگەڵ خۆیان ببەن.
 
رۆژی چوارشەممە 6-4-2022، عەمید شۆڕش کاکە، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژی سێشەممە ماسییەکە دەستی بەسەرداگیرا و لە زیادکردنێکی ئاشکرادا فرۆشرا، چونکە بەگوێرەی یاسا دەبێت زوو بفرۆشرێت".
 
سەبارەت بە نرخی ماسییەکەش، عەمید شۆڕش کاکە گوتی: "ماسییەکە بەهۆی گەرمی و شوێنەکەیەوە بۆنی ناخۆش ببوو، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا کیلۆی بە چوار هەزار دینار فرۆشتمان، واتە بە 200 هەزار دینار فرۆشرا،  پارەکەش دەچێتە خەزێنەی وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان".
 
بەگوتەی پۆلیس، ئەو راوچییانەی ماسییەکەیان راوکردووە هەڵاتوون و دەستگیرنەکراون؛ عەمید شۆڕش کاکە گوتی، دوای دەرچوونی بڕیاری قەدەخەکردنی راوەماسی حەوت بەلەمیان بەردەوام لە ئاوی دەربەندی رانیەدان و رێگری لە راوەماسی دەکەن.
 
بڕیاری قەدەخەکردنی راوەماسی لە 5-3-2022 دەرچووە و تاوەکو 16-06-2022 بەردەوام دەبێت؛ بە گوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، راوکردن بە بەکاربردنی کارەبا، ژەهر، تۆڕ و هەموو جۆرە تەقەمەنییەک قەدەخەیە و سەرپێچیکار رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە، چونکە ئەو ماوەیە وەرزی گەرادانانی ماسییە.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین ئاشکرای کرد، لەوکاتەی راوەماسی قەدەخەکراوە، تائێستا 50 راوچی لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دەستگیرکراون و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.