بوومەلەرزەیەک سلێمانی، مەریوان و هەڵەبجەی هەژاند


رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک لە سنووری نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان روویدا و لە باشووری کوردستان لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، پێنجوێن و دەربەندیخان هەستی پێکرا.
 
بەپێی سەنتەری ئەڵمانی لێکۆڵینەوەی زانستەزەوییەکانی بوومەلەرزەکە 5.2 پلەی رێختەر بووە و سنووری نێوان "ئێران و عێراق"ی گرتووەتەوە. چەقی بوومەلەرزەکە یەک کیلۆمەتر لە مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان دووربووە و لە "قووڵییەکی کەم" 10 کیلۆمەتر لەژێر زەوی روویداوە.
 
سەنتەرە ئەڵمانییەکە لەبارەی ئاست و جۆری بوومەلەرزە رایگەیاند: ئەو بوومەلەرزانەی لە "قووڵییەکی کەم" روودەدەن زیاتر لەوانەی لە "قووڵیی زۆر" هەستی پێدەکرێت، بەو پێیەش بوومەلەرزەکە دەبێت زیانێکی مامناوەندی هەبێت.
 
دارا شێخ حەسەن لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، بوومەلەرزەکە بە پلەی رێختەری 5.3 روویداوە و زیانی گیانیی نەبووە، تەنیا زیانی ماددی هەبووە. سەبارەت بە پێشبینیکردنی هەندێک کەس بۆ روودانی بوومەلەرزە، ئاماژەی بەوە کرد کە پێشبینی بۆ بوومەلەرزە هیچ بنەمایەکی نییە و داوای لە خەڵک کرد کە بەو هۆیەوە نەترسن و نەشڵەژێن.

دارا حەسەن داوای لە هاونیشتمانیان کرد کە لەکاتی بوومەلەرزەدا کارەبا، ئاگر، غاز و هیتەر هەمووی بکوژێندرێتەوە و لە شوێنێکی هێمن دابنیشن.
 
 
شاری پێنجوێن نزیکەی 25 کیلۆمەتر لە چەقی بوومەلەرزەکە دوورە و هەڵەبجەش 41 کیلۆمتر، بەو پێیەش لەرزینێکی کەم لەو ناوچانە هەستی پێکراوە بەراورد بە رۆژهەڵاتی کوردستان.
 

مەریوان نزیکترین شاری رۆژهەڵاتی کوردستانە لە چەقی بوومەلەرزەکە، لەو شارەدا لەرزینێکی مامناوەند هەستی پێکراوە، هەروەها شاری پاوە 54 کیلۆمەتر، جوانڕۆ 85 کیلۆمتر، سەقز 83 کیلۆمتر و سنە 76 کیلۆمتر لە چەقی بوومەلەرزەکە دوور بوون، بەو هۆیەشەوە کەمتر هەستی پێکراوە.