یوتیوب بۆ رووداو: یوتیوبی منداڵان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کارا دەکرێت

06-04-2021
ژیار حەکیم
ژیار حەکیم @zhyar_hakim
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمپانیای یوتیوب بەشی منداڵان لە 15 وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەنێویاندا هەرێمی کوردستان و عێراق، و باکووری ئەفریقیا چالاک دەکات، ئامانج لە خزمەتگوزارییەکە ئەوەیە کە خێزانەکان بێ ئەوەی ترسی ئەوەیان هەبێت کە منداڵەکانیان دیمەنی نەشیاو لە یوتیوب ببینن، رێگە بە منداڵەکانیان بدەن ئەو ماڵپەڕە بەکاربێنن.
 
یوتیوب گەورەترین ماڵپەڕی هەڵگرتن و پێشکێشکردنی ڤیدیۆیە و، زۆرترین بەکار‌هێنەری لە هەموو تەمەنێک هەیە. منداڵانیش لە بەکارهێنانی ئەو ماڵپەڕە بێبەش نین.
 
یەکێک لە کێشەی دایک و باوکان لەگەڵ منداڵەکانیان ئەوەیە کە کاتێکی زۆر لەسەر یوتیوب بەسەر دەبەن، دالیا ئێلفیکی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و کاروباری گشتیی کۆمپانیا گووگڵ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لەڕێگەی ئیمەیڵەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە بەشی یوتیوب کیدس دایک و باوکان دەتوانن کاتێک بۆ منداڵەکانیان دیاریبکەن، هەر کاتێکیش کاتەکە تەواو بوو ماڵپەڕەکە منداڵەکە ئاگادار دەکاتەوە.
 
یوتیوبی منداڵان خزمەتگوزارییەکە بۆ کەسانی کەمتر لە 13 ساڵ، منداڵان بە پاڵپشتیی خێزانەکانیان دەتوانن بابەتی نوێ فێرببن. هەروەها دایک و باوکی منداڵ سەرپشک دەکات لە ئەو هەڵبژاردنی ئەو بابەتانەی کە پێشانی منداڵەکەی دەدرێت، دەشتوانن پرۆفایلێک بۆ منداڵەکانیان دروستبکەن، ئەوەش یارمەتیی یوتیوب دەدات بەپێی تەمەنی منداڵەکە بابەتی جیاواز پێشان بدات.
 
یەکێک لە مەترسییەکانی تەکنەلۆژیا بەگشتی و ئینتەرنێت بە تایبەتی خراپ بەکارهێنانیەتی. لەو خزمەتگوزارییە رێگە بە دایک و باوک دەدرێت کە بەشی گەڕان "سێرچ" دابخەن، ئەوەش وا دەکات منداڵەکە نەتوانێت بەدوای هەموو بابەتێک بگەڕێت. هەروەها دەشکرێت کۆمەڵێک چانێڵ و بابەتی دیاریکراو بەیەکجاری بلۆک بکرێت.
 
لە بەشێکی دیکەی ئیمەیڵەکەدا باس لەوە کراوە، "هەندێک فیلم کارتۆن کە هەواداری زۆریان هەیە لە یوتیوبی منداڵان پێشکێشدەکرێن وەکو، ئەهلەن سمسم، مەنسوور، لەگەڵ زەکەریا فێرببە".
 
یوتیوب پلاتفۆرمێکی ئەمریکییە کە بۆ بڵاوکردنەوە و بینینی ڤیدیۆی بەکاردەهێنرێت، لە شووباتی 2005 لەلایەن چاد هێرلێی، ستیڤ چێن و جاوید کاریمەوە دروستکراوە، پاشان لە ساڵی 2006 کۆمپانیای گووگڵ پلاتفۆرمەکەی بە بەهای ملیارێک و 650 ملیۆن دۆلار کڕی و لەو کاتەوە خاوەندارێتیی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە