لە 24 کاژێردا لە هەرێمی کوردستان 44 کەس تووشی کۆرۆنا بوون
رووداو - هەولێر
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری 24 کاژێری رابردووی تووشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و دەڵێت 44 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ئەوەش یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان ئەو ژمارەیە لە تووشبوون لە رۆژێکدا تۆماربکرێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئێستا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان 277 کەسە، لەو ژمارەیەش 88 تووشبوو چاکبوونەتەوە و سێ تووشبوویش گیانیان لەدەستداوە.
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی:
ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی
ژمارە (41)
سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان، ڕێکارەکان بەردەوامن بەم شێوەیە:
1. کەرەنتین
ژمارەی هاووڵاتیان لە کەڕەنتینەکان (6373) هاووڵاتی بوون لە (31) شوێنی جیاواز، لەئێستادا تەنها (1639) هاووڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە (679) لە هەولێر، (175) لە سلێمانی، (689) لە دهۆك، (48) لە هەلەبجە، (9) لە گەرمیان، (31) لە ڕاپەرین، (8) کۆیە وە (4734) هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو بوونی ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ کەڕەنتین کردنی ژمارەیەکی تری کەرەنتین کراو لە 24 کاتژمێری ڕابردوو کە کۆی گشتی بریتی بوو (138) هاووڵاتی.
2. پشکنین
لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوو (721) پشکنین ئەنجام دراوە، (540) هەولێر، (124) سلێمانی، (57) دهۆك.
دەرەنجام (44) تووشبووی نوێ تۆمارکرا وە بەم شێوەیەی خوارەوە:-
• پارێزگای هەولێر (41) پۆزەتیڤ، (17) ئافرەت، (15) پیاو، (9) منداڵ بە گشت تەمەنەکان، کە دوو لەوان لە قەزای سۆران و سێ لە ناحیەی سیدەکان و یەك لە گوندی ھەڵەجەی بچووك وە ئەوانی تر لە ناو شاری ھەولێرن لە گەڕەکەکانی ( کانی گەلی، ئاڵتون سیتی، شێخ احمد، کارێزان، زانکۆ، چنار، مامۆستایان، 121ی گولان، ژیان، زیلان سیتی) کە زۆربەی زۆریان بەرکەوتەی تووشبووەکانی ھەردوو پرسەی ماتەمینی گەرەکی کارێزانی شاری ھەولێرن وە دووی دیکە پێشینەی گەشتیان ھەبووە.
• پارێزگای سلێمانی (3) پۆزەتیڤ، ئافرەتن تەمەنیان (28)، (24)، (20) ساڵ کە بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون.
3. ئاماری گشتی
کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان گەشتە (277) تووشبوو، لەنێویاندا (3) مردن هەیە و (88) نەخۆش چاکبووەتەوە، و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.
وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە کاردان جارێکی تر تکا دەکەین هاووڵاتیان بە هیچ شێوەیەك نەیەنە دەرەوە لە ماڵەکانیان وە پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی چونکە لەبەردەم ترسناکیەکی گەورەداین ، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (122).
وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
6ی نیسانی