شاندێکی هەدەپە گەیشتە هەولێر و سێ رۆژ دەمێنێتەوە
رووداو - هەولێر
شاندێکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەردانی باشووری کوردستان دەکات و لەماوەی 3 رۆژدا چەند دیدارێک سازدەکەن.
شاندەکە لە پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە و سێ پەرلەمانتاری پارتەکە: فەلەکناس ئوجا، ئیمام تاشچیئەر و عوسمان بایدەمیر پێکدێت.
کەمال ئاڤچی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەنقەرە رایگەیاند: شاندەکەی هەدەپە کاژێر 00:30 خولەکی بەرەبەیانی شەممە 7-4-2018 لە ئیستەنبوڵەوە بەرەوە هەولێر بەڕێکەوت.
یەکەم دیداری شاندەکەی هەدەپە رۆژی شەممە 7ی نیسانی 2018 لەگەڵ مەسعود بارزانی دەبێت. دواتریش کاژێر 15:00 لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
هەروەها رۆژی یەکشەممە 8ی نیسانی 2018، هاوسەرۆک و پەرلەمانتارانی هەدەپە لەگەڵ حیزبی شیوعی، یەکگرتووی ئیسلامی ، زەحمەتکێشان و کۆمەڵی ئیسلامی کۆدەبنەوە.
رۆژی دووشەممە شاندەکەی هەدەپە دەچێتە سلێمانی و لەگەڵ هەریەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و تەڤگەری ئازادی کۆدەبێتەوە.
پەیامنێری رووداو دەڵێ، لە دیدارەکاندا باس لە دۆخی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان و ئۆپەراسیۆنی سەر عەفرین و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە دەکرێت، چەند پرسێکی دیکەش دەخرێنە بەر باس.
ئایهان بیلگەن، گوتەبێژی هەدەپە لەکاتی ئاشکراکردنی هەواڵەکدا بەپێویستیزانی هاوئاهەنگی لەنێوان هەدەپە و پارتە کوردستانییەکاندا زیاتر بکرێت.
دواتر عەلی ئاتڵانم، پەلەمانتاری هەدەپە بە رووداوی راگەیاند، پارتەکەیان بە رۆحێکی کوردانەوە چالاکی دەکات، بەباشی دەزانێت بۆ یەکدەنگیی کورد نێوەندگیریی نێوان لایەنەکان بکات.
هەروەها سەرتاچ بوجاک، سەرۆکی پەدەکە باکوور بەپێویستی دەزانێت هەدەپە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتەکانی باشووری کوردستان باش بکات و، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو هەڵوێستەکان دیاربن.
دوای ئەنجامدانی دیدارەکان، شاندەکەی هەدەپە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 9ی نیسان، لە هەولێرەوە دەگەڕێتەوە تورکیا.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح