عیرفان عەبدولعەزیز: ئێستا ریفراندۆم لە کاراکردنەوەی پەرلەمان گرنگترە

رووداو- سلێمانی

رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: "ناکرێت بەهۆی کارانەکردنەوەی پەرلەمان ریفراندۆم بوەستێندرێت یان دوابخرێت". گوتیشی: " دەرەنجامی ریفراندۆم دەبێتە چەکێکی بەهێزی دیپلۆماسی بۆ هەرێمی کوردستان".

رۆژی پێنجشەممە شاندی هاوبەشی یەکێتی و پارتی کە پێکهاتووم لە مەلا بەختیار و د.رۆژ نووری شاوەیس ، سەردانی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستانیان کرد بۆ پرسی گشتپرسیی کوردستان.
 
رۆژ نووری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی رۆژنامەڤانی لەگەڵ عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند: "پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان پرسێک نییە تەنیا پەیوەست بێت بە لایەنێک و حیزبێکەوە ، پرسێکی نەتەوەییە و پێویستە هەموو لایەک قۆڵی لێ هەڵماڵێت و پێکەوە کاری بۆ بکرێت ، بۆ ئەوەی ئەو کارە بە باشترین شێوە ئەنجام بدرێت و بە سەرکەوتوویی رێگای ئازادی و سەرفرازی گەلەکەمان بگرینە بەر".

ئەندامی شاندە هاوبەشەکەی یەکێتی و پارتی گوتی: "ئێمە ئومێدەوارین لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆمیتەیەکی پسپۆڕ لەهەموو لایەنەکان پێکبهێنین کە بیر لە پێویستییەکانی ریفراندۆمێکی سەرکەوتوو بکەن ، رێوشوێنی بۆ دابنێن و ئەو کارە بکرێت بە کاری هەموو لایەک و هەموو لایەک پێکەوە کاری بۆ بکەن".

رۆژ نووری شاوەیس لە وەڵامی پرسیارێکی ئەرکان عەلی ، پەیامنێری رووداو بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان پێش ریفراندۆم و هەڵوێستی پارتی لەو بارەوە، گوتی: "ئێمە دەڵێین ئاساییکردنەوەی دۆخی کوردستان و ریفراندۆم دوو کاری گرنگن کە پەیوەندییان هەیە بە ئیمڕۆ و داهاتووی گەلەکەمانەوە ، لە کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی ، ریفراندۆم بە ئەولەویەتی یەکەم دانرا کە دەبێت پێش هەموو شتێک کاری بۆ بکرێت ، چونکە دۆخی ئیمڕۆ لە گۆڕاندایە و دۆخێک هاتووەتە پێشەوە".

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی گوتی: "ئەو دەرفەتەی بۆمان رەخساوە لەوانەیە وا نەمێنێت و بەشێوەیەکی دیکە بگۆڕدرێت. مەقسودمان ئەوە نییە کە ئەوانی دیکە گرنگ نین بەڵام دەبێت کاری سەرەکیمان ریفراندۆم بێت دواتر کارەکانی دیکە ، نابێت ئەوان ببنە تەگەرە لەبەردەم بەڕێوەچوونی ریفراندۆم".

هەروەها عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی لەوەڵامی هەمان پرسیاری پەیامنێری رووداو گوتی: "دۆخی هەرێم و کاراکردنەوەی پەرلەمان لە زۆربەی کۆبوونەوەکان باسی لێکراوە ئەوە دۆسیەیەکی جیاوازە ، پرسی ریفراندۆمیش دۆسیەیەکی جیاوازە و زۆر گرنگە و زۆر هەستیارە بۆ نەتەوەکەمان ، ناکرێت بەهۆی کارانەکردنەوەی پەرلەمان بوەستێندرێت یان دوابخرێت ، ئێمە لەگەڵ ریفراندۆمین و پێشمانوایە بەزووترین کات بکرێت، چونکە دەبێتە چەکیکی بەهێزی دیپلۆماسی بەدەست دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە".

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان