رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لە دوو مانگی رابردوودا تەنیا لە ئەڵمانیاوە 200 پەناخواز دیپۆرتی هەرێمی کوردستان کراونەتەوە، هەروەها دەڵێت، "کۆچبەری لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە، بەڵام بە رێژەیەکی دڵخۆشکەر نا."
ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئەوانەی دەگەڕێنەوە یان دیپۆرت دەکرێنەوە، کێشەی زۆریان هەیە و خەڵک هەیە لەسەر شەقام دەمێنێتەوە.
یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی 2024 ـدا، بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک، نزیکەی یەک ملیۆن داواکاری سەبارەت بە مافی پەناخوازی وەرگرتووە، بەراورد لەگەڵ ساڵی 2023، داواکارییەکان 11٪ دابەزیون.
بەگوێرەی ئامارەکە، داوای عێراقییەکان کە بەشێکی پەناخوازانی کوردیش دەگرێتەوە بە رێژەی 28٪ کەمبووەتەوە، ساڵی رابردوو لە هەموو ئەورووپا 18 هەزار و 661 عێراقی داوای مافی پەناخوازییان لە وڵاتانی ئەورووپا کردووە، ساڵی پێشتر واتە لە 2023دا 26 هەزار و 136 عێراقی داوای مافی پەناخوازییان کردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 6-3-2024 ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی هەرێمی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردن لە رۆژی هیوا جەمال، باسی لەوە کرد، بەپێی داتاکانی ئەوان، کۆچکردن لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ئەورووپا، هاوشێوەی بەشێکی وڵاتان کەمیکردووە، "بەڵام بنبڕ نەبووە و رێژەکە دڵخۆشکەر نییە".
وڵاتانی ئەورووپا رێکارەکانی وەرگرتنی کۆچبەرانیان تووندتر کردووە، بەگوێرەی داتاکانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە "تەنیا ئەڵمانیا زیاتر لە 200 پەناخوازی دیپۆرتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە کە زۆربەیان خەڵکی دەڤەری بادینان بوون". ئەبوبەکر عەلی دەڵێت، "بەریتانیا و وڵاتانی دیکەش چەندین کۆچبەری کوردیان دیپۆرت کردووەتەوە."
جگە لە دیپۆرتکردنەوە، بەشێک لە پەنابەران لەسەر خواستی خۆیان دەگەڕێنەوە، بە بڕوای ئەبوبەکر عەلی، "ئەوانەش کە دێنەوە، وەک ئەوە وایە دیپۆرت کرابنەوە، لەوێ کێشەی کار و پەنابەری و داهات و دەیان کێشەی دیکەیان هەیە، بۆیە بە ناچاری دێنەوە."
ئەوانەی دەگەڕێنەوە کوردستان، لێرەش چەندین کێشەی دیکەیان بۆ دروست بووە، وەکو ئەبوبەکر عەلی باسی دەکات، "شوێنی مانەوەیان نییە، خێزانەکانیان وەکو پێویست لەخۆیان ناگرنەوە و کاریان پێنادرێت."
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت، "بەڵگەم هەیە کە لە دەڤەری راپەڕین خەڵک هەیە گەڕاوەتەوە، لەسەر شەقام و مزگەوتەکان دەخەوێت، حکومەتیش لەخۆیان ناگرێت".
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان پێیوایە زۆرترین رێژەی کۆچ و زۆرترین قوربانییانی رێگەی کۆچ، خەڵکی دەڤەری راپەڕینن، هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی هەلی کار دەگەڕێنێتەوە.
بۆ چارەسەری ئەو پرسەش، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت: پێویستە حکومەت خەمی جیدی بۆ بابەتەکە بخوات، ئەو هۆکارانە نەهێڵێت کە کۆچیان دروست کردووە، هەلی کار بڕەخسێنێت، کێشەکانی گەنجان چارەسەر بکات و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ