رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری پزیشکانی گشتیی دەرەوە، لە رێگەی رووداو داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکات، ناویان بخرێتە نێو لیستی پزیشکانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: "وەزیری تەندروستی ئەو بەڵێنەی پێدابووین، بەڵام ناومان دەرهێنراوە".
43 خوێندکاری کورد، لەسەر ئەرکی خۆیان بەشی پزیشکیی گشتییان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان تەواو کردووە، بەڵام دانەمەزرێندراون، ئەو خوێندکارانە لە رێگەی رووداوەوە دەیانەوێت دەنگیان بگاتە لایەنی پەیوەندیدار و داواکارن، ناویان بخرێتە نێو لیستی دامەزراندنی پزیشکانی گشتیی هەرێمی کوردستان.
رۆژی پێنجشەممە، 6-3-2024، ئوسامە داوود، نوێنەری پزیشکانی دانەمەزراوی دەرەوە، بەشداریی لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال کرد، سەرەتا باسی دۆخی خراپی پزیشکانی دەرەوەی کرد و گوتی "من بە کۆنمرەی 97، بەشی پزیشکیی گشتیم لە دەرەوە تەواو کردووە، ئێستا لە هۆتێلێک گارسۆنم، پێش ئەوە کاری دلیڤەریم کردووە و سەهۆڵیشم فرۆشتووە".
ئەو نوێنەرەی پزیشکانی دانەمەزراوی دەرەوە باس لەوەش دەکات کە "شوێنی دکتۆر گارسۆنی نییە، من دەبوو ئێستا لە نەخۆشخانەکان بوومایە و خزمەتم بکردایە، نەک وەکو پزیشکێکی گشتی لە هۆتێل گارسۆن بم، دەرچووانی دیکەش بە هەمان شێوە لە کەرتی جیاواز و دوور لە کارەکەیان بە ناچاری کار دەکەن".
وەک ئەو نوێنەرەی پزیشکانی گشتی روونیکردووەتەوە، "چەندین جار سەردانی وەزارەتی تەندروستیمان کردووە، بۆئەوەی ناومان لەنێو ئەو لیستە دابێت کە دەینێرنە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دامەزراندن، چونکە پزیشکی گشتی سێکتەرێکە دامەزراندن تێیدا ناوەستێت، وەزیری تەندروستی دواجار بەڵێنی پێداین ناومان لەنێو لیستی پزیشکانی گشتیی هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام کە ناوەکان نێردرا، ناوەکانمان دەرهێنران، نازانین بۆچی".
لەبارەی ئەوەی ئەو 43 کەسە بە گوێرەی رێنماییەکانی هەرێمی کوردستان خوێندکەیان خوێندووە یان نا، ئوسامە داوود جەختیکردووە، "ئێمە لەسەر رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا رۆشتووین، تەنانەت لە زانکۆی حکومی لە دەرەوە خوێندوومانە، لە وەزارەت بڕوانامەمان راستێنراوە و هیچ کێشەیەکی یاساییمان نییە".
گوتیشی، "ئێمە ناڵێین ئێستا دابمەزرێین، بەڵکو تەنیا ناومان بخرێتە نێو ئەو لیستە کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ دامەزراندن، هەرکات بڕیاردرا، ئێمەش سوودمەند بین".
لە هەرێمی کوردستان 7 زانکۆ بەشی پزیشکییان هەیە، ساڵی رابردوو 778 خوێندکاری پزیشکیی گشتییان هەبووە و هیچیان دانەمەزراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ