رووداو دیجیتاڵ
ساڵی رابردوو نزیکەی 1.3 تۆن زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە هاوردەکراوە، بەڵام لە دوو مانگی کۆتایی پارە هاوردەکردنەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
بەڕێوبەرایەتیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری سلێمانی، پشکنین بۆ زێڕی هاوردەکراو لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەکات. پشکنینەکە لە دەرەوەی فڕۆکەخانەکە و لە بەڕێوبەرایەتیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری دەکرێت.
سەرهەنگ کەمال محەممەد، بەرپرسی هۆبەی پشکنین و مۆڵەتی خشڵ لە بەڕێوبەرایەتیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری سلێمانی، رۆژی پێنجشەممە، 06-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ساڵی رابردوو لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە بە فەرمی 12 هەزار و 926 کلیۆ زێڕ هاوردەکراوە و پشکنینمان بۆ کردووە".
بە گوێرەی ئەو ئامارە فەرمییەی کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ساڵی رابردوو زۆرترین بڕی زێڕی هاوردەکراو لە رێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانی لە مانگی یەک بووە، کە 3582 کیلۆ بووە و کەمترنینیان مانگی 11 بووە، کە 339 کیلۆ زێڕ بووە.
سەبارەت بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە فڕۆکەخانەکە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت پشکنینی زێڕ دەکات، نەک بەڕێوبەرایەتیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری هەولێر.
سەرچاوەیەکی ئاگادار رۆژی چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمپانیاکە هیچ ئامار و زانیارییەک سەبارەت بە بڕی زێڕی هاوردەکراو لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، ناداتە بەڕێوبەرایەتیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری هەولێر.
هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای زێڕنگران، رۆژی پێنجشەممە، 06-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ داتا و ئامارێکمان لەبارەی هاوردەکردنی زێڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر نییە".
گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای زێڕنگران، چەند جارێک داوای ئاماری هاوردەکردنی زێڕی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کردووە، بەڵام دەستیان نەکەتووە، چونکە بەگوتەی خۆی ئەو کارە لەلایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە دەکرێت و کۆمپانیاکە تاوەکو ئێستا ئامادەنییە زانیاری و ئاماری ورد بدات.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رۆژی یەکشەممە 02-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بازرگانانی عێراق رۆژانە 50 کیلۆ زێڕ، واتە مانگانە 1.5 تۆن زێڕ هاوردە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ