شەممە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە؛ 'بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە بەرنامەی کار نییە'

06-03-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی شەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت، تاوەکو ئێستا دیارنییە کەی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەخرێتە بەرنامەی کارەوە.
 
بە گوێرەی بەرنامەی کار، کۆبوونەوەکە کاژێر 01ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە 8ی ئادار دەستپێدەکات و دانیشتنەکە شەش بڕگەی لە خۆگرتووە: 
 
- دەنگدان بە پڕۆژەیاسای هەمواری چوارەمی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازیی کەرتەکانی تایبەت و تێکەڵ.
- دەنگدان بە بڕیاری راسپاردەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ گەڕانەوەی کارکردن بە یاسای هەوڵدانەکان.
- راپۆرتی لیژنەی کاتی پەرلەمان بۆ بەدواداچوونی پاراستنی موڵکەکانی دەوڵەت.
- خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای موختارەکان.
- خوێندنەوەی دووەمی پێشنیازەیاسای هەمواری چوارەمی یاسای پلەبەندی خاوەن پیشە پزیشکی و تەندروستییەکان.
- خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژەیاسای هەڵوەشانەوەی یاسای پەسندکردنی رێککەوتنی نێوان عێراق و قوبرس سەبارەت بە هەڵگرتنی کرێی ڤیزە لەسەر هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی نێوان هەردوولا.
 
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە. بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاساکە زیاتر لە 120 واژۆی پەرلەمانتاران کۆکراوەتەوە و دراوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
 
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە،06-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا دیار نییە، کەی پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراقەوە.
 
چرۆ حەمەشەریف، کە نوێنەری هەڵەبجەیە جەخت لەوەدەکاتەوە، هەموو هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ پێش 16ـی ئەم مانگە، کە یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە، پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەنگی لەسەر بدرێت.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 06-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەکەیان دەنگی لەسەر پڕۆژەکە داوە. نووسراویشی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە، بۆ ئەوەی دەنگدان بە پڕۆژەکە بخاتە بەرنامەی کارەوە، بۆیە هەوڵەکانیان چڕدەکەنەوە تاوەکو پرۆژەکە لە نزیکترین کاتدا دەنگی لەسەر بدرێت. 
 
یەکێک لە گرفتەکانی بەردەم کۆبوونەوەکانی پەرلەمان لە رابردوودا یاسای خزمەت و خانەنشینیی دەستەی حەشدی شەعبی بوو، کە لایەنە شیعەکان لەسەری ناکۆکن. 
 
ئەو ناکۆکییانەش لە دوو پرسی سەرەکی چڕبوونەتەوە، یەکەمیان پەیوەندیی بە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبییەوە هەیە کە هێشتا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵە خراوەتەڕوو، ئەوەی دیکەش بریتییە لە پرسی تەمەنی خانەنشینیی تایبەت بە فەرماندەکانیان.
 
رۆژی شەممە 01-03-2025 فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "یاسای خزمەت و خانەنشینیی حەشدی شەعبی، بەرهەمی هەوڵی چەندین ساڵەیە، لە ئایندەدا دەنگ لەسەر یاسای دەستەی حەشد دەدرێت بۆ ئەوەی ببێتە پاڵپشتییەکی یاسایی و دواتر دەنگ لەسەر یاسای خزمەت و خانەنشینی دەدرێت. کە هیوادارین لەم ساڵدا یاساکە تێپەڕێندرێت."
 
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی راشیگەیاند، "هەندێک هەن بە هۆکاری سیاسی دەیانەوێت بەوجۆرە وێنامان بکەن کە گوایە ئێمە دژبەری ئەو یاسایەین، ئەوەی بابەتەکەی بە تەمەنی خانەنشینی بەستووەتەوە، دیارە ئەو کەسە بەباشی یاساکەی نەخوێندووەتەوە، چونکە ئەوە پەیوەندی بە سەرۆکی دەستەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە سەرۆکی ئەرکانەوە هەیە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە