رووداو دیجیتاڵ
لە هەینی رابردووەوە رۆژنامەنووس بەشدار بازیانی لەلایەن هێزەكانی ئاسایشى سلێمانی لەگەڵ سێ هاوکاری دیکەی دەستگیرکراوە. دواتر هاوکارەکانی ئازاد کران. سەندیکای رۆژنامەنووسانی سلێمانی دەڵێت، بازیانی بەپێی مادەی 433 دەستگیرکراوە.
رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ رۆژی 6-3-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەشدار بازیانی و سێ كەس لە هاوكارانی لە میدیا21، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشى سلێمانی دەستگیركران، دەستبەسەر زۆربەی كۆمپیوتەر و مۆبایلەكانیاندا گیرا."
رێكخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، "پاش لێكۆڵینەوە سێ رۆژنامەڤانەکەی دیکە کە بە ناوی (دانا ساڵح، نەبەز شێخانی و سەردەشت حەمە ساڵح)ـن ئازادكران، بەڵام جارێكی دیکە دانا ساڵح، بانگكرایەوە بۆ ئاسایش و ئێستا دەستبەسەرەو لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت."
لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنیان رەحمان غەریب گوتی، "لە رۆژی دەسگیركردنیانەوە سەنتەری میترۆ لە سۆراخی ئەم كەیسە بووە و لە پەرەسەندنەكانی ئاگادارە، هەندێ وردەكاریی هەن نامانەوێ لای ئێمەوە بڵاوبكرێنەوە، چونکە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی لایەنی لێكۆڵەر و دادگەیە و بەهۆی لیستی تۆمەتەکان چاوەڕوانی بڕیاری دادەوەرین."
رۆژنامەنووس بەشدار بازیانی لە ماوەی مانگێکدا ئەوە دووەمجارە دەستگیر دەکرێت، بۆ یەکەمجار رۆژی 5ی شوباتی 2025 دەستگیرکرا. ئەوکات
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەڤانان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشدار بازیانی، رۆژنامەڤان لەلایەن پۆلیسی سەرچنارەوە دەستگیرکراوە و قوباد تاڵەبانی بەڵێنی پێدام هەر ئەم شەو ببێتە کەفیلی و بەشدار بازیانی بە کەفالەت ئازاد بکات."
ئەو شەوە دوای ئازادبوونی، رۆژنامەڤان بەشدار بازیانی بە رووداوی راگەیاند، "هیچ گوتەیەکیان لێ وەرنەگرتم؛ دەست و قاچم کەلەپچە کرابوو، هەروەها رەفتار و هەڵسوکەوتیشیان لەگەڵم زۆر خراپ بوو."
ئەو رۆژنامەڤانە ئەو کاتە گوتی، "قوباد تاڵەبانی بووە کەفیلم و ئازادی کردم. پێیان گوتم دواتر دادوەر روونکردنەوە لەسەر هۆکاری گرتن و داهاتووی دۆسییەکەت دەدات."
هەر سەبارەت بە دۆسیەی ئەو رۆژنامەڤانە، رۆژی 06-03-2025 کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سەندیکای رۆژنامەنووسانی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەردانی بەشی لێكۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی سلێمانی كرد و داوای بینینی رۆژنامەنووس بەشدار بازیانی كرد.
بە گوتەی کاروان ئەنوەر، رۆژنامەڤانەکە "لە دۆخێكی تەندروستیی جێگیردا بوو، بە شێوەیەكی گشتی گلەیی و گازندەی لە شوێن و پێداویستیی رۆژانەی نەبوو."
سەبارەت بە تۆمەتەکەشی، سەرۆکی لقی سەندیکای رۆژنامەنووسانی سلێمانی گوتی: "بەشدار بازیانی بە مادەی 433 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیركراوە، تائێستا لێكۆڵینەوە لەسەر وردەكاریی بابەتەكە و راگرتنی لەلایەن دادوەرەوە بەردەوامە."
ھەر کەسێک ببێتە ھۆی ناوزڕاندنی کەسێک سزادەدرێت بە حەپسکردن یان پێبژاردن بەپێی مادە 433 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ی ساڵی 1969، سزاکە بە پێی تاوانەکە دەگۆرێت.
کاروان ئەنوەر دەڵێت،:"لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان پارێزەران و نوێنەرانی یاسایی لقەكەمان رادەسپێرین لەنزیكەوە لە چوارچێوەی یاسا و رێسا بەركارەكاندا ئاگاداری ئەو بەشەی كەیسەكە بن, كە پەیوەستە بە میدیاوە."
لەبارەی ئەو بەشەی کەیسەکە كە پەیوەستە بە پێدانی "هەواڵ و زانیاریی ناڕاست و چەواشەکاری" کاروان ئەنوەر دەڵێت، "ھیوادارین دادوەری رەچاوی پیشە میدیاییەکەی بەشدار بازیانی بکات و لەزووترین کاتدا رێكارە یاساییەکانی ئازادكردنی بە كەفالەت بۆ بگرێتە بەر تا رۆژی دادگەی."
بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ، ساڵی رابردوو 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ