کشتوکاڵی ورمێ: لە بەرهەمهێنانی چەوەندەردا لەسەر ئاستی ئێران یەکەمین

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە ساڵی 2023دا بەرهەمی چەوەندەر لە کێڵگەکانی ئەو پارێزگایە زیاتر لە یەک ملیۆن و 670 هەزار تۆن بووە و بەوەش زیاتر لە 30٪ی چەوەندەری ئێران لەو پارێزگایە بەرهەم هێندراوە.
 
خەسرەو شەهبازی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، نزیکەی یەک ملیۆن و 450 هەزار تۆن لەو چەوەندەرەی کە لە سنووری ئەو پارێزگایە بەرهەم هێندراوە لە لایەن کارگەکانی قەند و شەکرەوە کڕدراوە.
 
بە گوتەی خەسرەو شەهبازی، پارێزگای ورمێ ناوەندێکی زۆر گرنگی بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە لە ئێران و زیاتر لە 30٪ی چەوەندەری ئێرانیش لەو پارێزگایە بەرهەم دەهێندرێت، بۆیە لە رووی بەرهەمهێنانی چەوەندەرەوە، ورمێ لەسەر ئاستی ئێران بە پلەی یەکەم دێت.
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەشڵێت، زۆرترین بڕی بەرهەمهێنانی چەوەندەر لە سنووری شارەکانی پیرانشار، بۆکان، میاندوا و نەغەدەیە.
 
وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران بۆ ساڵی 2023 بۆ کڕینی هەر تۆنێک چەوەندەر لە جووتیاران نرخی دوو ملیۆن و 800 هەزار تمەن (نزیکەی 50 دۆلار)ی دیاریکردبوو.
 
بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران، ساڵانە لە پارێزگای ورمێ لە رووبەری 30 هەزار هێکتار زەویدا چەوەندەر دەچێندرێت.