ئاگر لە ماڵێکی گوندێکی سۆران کەوتەوە و دایکێک و دوو منداڵ سووتان
رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە ماڵێکی گوندی دێڵزیانی سنووری ناحیەی دیانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتەوە و دایکێک و دوو منداڵ سووتان و بریندار بوون.
رووداوەکە شەوی رابردوو بوو لە گوندی دێڵزیانی ناحیەی دیانە؛ نێو ماڵەکە بە تەواوی سووتاوە.
هاونیشتمانییەکی گوندی دێڵزیان بە ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو لە سۆرانی گوت، "کاژێر 11:30 شەو دەنگێکی گەورەمان بیست؛ وامانزانی بۆردوومان بوو و دوایی زانیمان ماڵێک ئاگری گرتووە".
ئەو هاونیشتمانییە ناوی جەوهەرە و باوکی خاوەن ماڵەکەیە، کاتێک چووەتە شوێنی رووداوەکە منداڵێکی پێنج ساڵانی لەنێو خانووەکەدا بینیوە ئاگری گرتووە، بەڵام ئەو رزگاری کردووە و بەو هۆیەوە دەستێکی خۆشی سووتاوە.
جەوهەر گوتی، "منداڵێکی هەشت مانگ و دایکی لە ئاگرەکە رزگارکراون و برینیان سووکە، بەڵام منداڵە پێنج ساڵانەکە دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و رەوانەی هەولێر کراوە".
لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش، ئەو هاونیشتمانییە گوتی، تیمی بەرگریی شارستانی لێکۆڵینەوەیان کردووە و هێشتا ئەنجامەکەیان پێ رانەگەیاندوون، بەڵام پێدەچێت بەهۆی تەقینەوەی بوتڵی گازەوە بووبێت.