پێش هەڵبژاردن حیزبەکەی لاهوور جەنگی کۆنگرە دەبەستێت
رووداو دیجیتاڵ
لاهوور شێخ جەنگی لیستی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت و ئامادەکاری بۆ کردووە، بەڵام بەپێی یاسا و رێکارەکانی کۆمیسیۆن، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا لیست نابێت و تەنیا رێگە بە حیزب و کەسانی سەربەخۆ دەدرێت. کەسێکی نزیکی لە لاهوور جەنگیش دەڵێت، "بە هەر رێگەیەک بێت بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین".
رۆژی 31-01-2024، لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا بەشداری دەکات. بەڵام زانیاریی دیکەی لەبارەی لیست و ئەندامانی نێو لیستەکەی بڵاونەکردەوە.
سێشەممە، 05-03-2024، دەرگەی تۆمارکردن بۆ حیزب، هاوپەیمانی و بەربژێرانی سەربەخۆ، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە.
حیزبەکان هەر لە نووسینگەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەتوانن داوای بەشداری بۆ هەڵبژاردن پێشکێش بکەن.
38 حیزب و لایەن لە وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق مۆڵەتیان هەیە و دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا لاهوور شێخ جەنگی، حیزبی دروست نەکردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پێش هەڵبژاردن کۆنگرە دەبەستێت و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵدەبژێرێت.
ژینۆ محەممەد، یەکێک لەو ئەندامانەی سەرکردایەتی یەکێتی کە لەدوای 8ـی تەممووز، لەبەر نزیکی لە لاهوور شێخ جەنگی، لەگەڵ سێ لە ئەندامانی دیکەی سەرکردایەتی دەرکران، ئەمڕۆ چوارشەممە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "بە هەر شێوەیەک بووبێت، بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دەکەین".
رۆژی 19ی شوباتی 2024، سەرتیپ جەوهەر، کەسایەتی نزیک لە لاهوور جەنگی بە رووداوی گوت، "ئەگەر پێویست بە حیزب بکات ئەوا ئامادەکاری بۆ کراوە، لە هەولێر و لە بەغدا، لەگەڵ دەستپێکردنی رێکارەکانی کۆمیسیۆن ناوی لیستەکە و لۆگۆ و بەرنامەی کارەکە بڵاو دەکرێتەوە".
بەرنامەی هەڵبژاردنی لیستەکەی لاهوور شێخ جەنگی بە گوتەی ئەو کەسە نزیکەی، تەواو بووە و چاپ کراوە. بەرنامەکەش هەموو سێکتەرەکانی گرتووەتەوە، "ئێمە نامانەوێ رکابەریی یەکێتی بکەین، ئێمە رکابەری هەموو حیزبەکان دەکەین".
رۆژی یەکشەممە، 18ی شوباتی 2024، لاهوور شێخ جەنگی لە نوێترین پەیامی ڤیدیۆییدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە رایگەیاند، "ژیان و گوزەرانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە، بێ بازاڕی و خراپیی دۆخی کاسبکاران و ئیفلیجبوونی زۆرینەی کایەکان و بێهیوابوونی گەنجەکانمان، لێمان دەخوازێت کە بە هەموومان ئەم قۆناغە هەستیارە تێپەڕێنین".
راشیگەیاند، "پێکەوە سەرەتایەکی نوێ دەست پێ بکەین کە رێگا لە نغرۆبوونی زیاتر بگرێ و جۆرێک لە هەستانەوە و سەرپێخستنەوەی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵک جێگیر بکەین، ئەوەش لە ئێستادا تەنیا و تەنیا بە بەشداریکردنی فراوانی ئێوەی دەنگدەران دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا".
سێشەممە، 05-03-2024، هەیمان تەحسین، سەرۆکى فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە رووداوی راگەیاند، هەر لایەنێکى سیاسی کۆنگرەی نەکردبێت یان ماوەى سەرۆکایەتی بەسەرچووبێت، ناتوانێت بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکات.