مەرجى بەستنى کۆنگرە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان ئەوانە دەگرێتەوە کە لە بەغدا تۆمارکراون

رووداو دیجیتاڵ

مەرجى بەستنى کۆنگرە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، ئەو پارتانە دەگرێتەوە، کە لە بەغدا تۆمارکراون. ئەو پارتانەشى کە لە هەرێمى کوردستان تۆمارکراون، یاساى پارتە سیاسییەکان مەرجى کۆنگرەى بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دانانەوە.
 
هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند ئەو پارتانەى لە فەرمانگەکەى ئەوان تۆمار کراون، ئەنجامدانى کۆنگرە و بەسەرنەچوونى وادەکەى، مەرجى بەشداریکردنیانە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
 
38 پارتى سیاسى ناویان لە بەغدا و هەولێر تۆمارکراوە، کە دەتوانن بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دا بکەن.
 
هەیمان تەحسین گوتى "ئەو پارتانەى لە هەرێمى کوردستان تۆمارکراون، رێوشوێنەکانیان پەیوەستە بە یاسای پارتە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان."
 
بەگوێرەى یاسای پارتە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان ساڵى 1993 و هەموارەکەى، کە لە ساڵى 2002 کراوە، بەستنى کۆنگرە مەرج نییە بۆ بەشدارکردنی حیزبەکان لە هەڵبژاردنەکاندا.
 
وەعدى مزوورى، راوێژکاری یاسایى پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "بەگوێرەى یاسای پارتە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان، بەستنى کۆنگرە مەرج نییە بۆ رێگەدان بە بەشداریکردنى پارتەکان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دا. پارتى سیاسی هەبووە کۆنگرەشی نەکردووە و بەشداریشی کردووە."
   
لەو 38 پارتەى تاوەکو ئێستا تۆمارکراون و دەتوانن بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دا بکەن، 21 پارتیان لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستانەوە مۆڵەتیان پێدراوە، 17ـەکەی دیکەیان لە فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان ناوى خۆیان تۆمار کردووە.