بەرپرسێکی هەولێر: گوماندەکرێت سووتانی بازاڕی لەنگە بەهۆی بەکارهێنانی کۆسەرەوە بووبێت

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی باڵای کارگێڕیی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، هێشتا راپۆرتی لێکۆڵینەوە لە سووتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر تەواو نەبووە. دەشڵێت، گوماندەکرێت سووتانی بازاڕی لەنگە بەهۆی بەکارهێنانی کۆسەرەوە لەلایەن دووکاندارانی بازاڕەکەوە بووبێت.
 
چوارشەممە 06-03-2024 بەرپرسێکی باڵای کارگێڕیی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لێکۆڵینەوە لە سووتانی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر بەردەوامە و بەمنزیکانە راپۆرتی لێکۆڵینەوە تەواو دەبێت.
 
سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەوەکەی ئاگرەکە، ئەو بەرپرسە باڵایە گوتی "یەکێک لە گومانەکان ئەوەیە؛ دووکاندارانی بازاڕەکە ئەو شەوە کاریان لە بازاڕەکەدا کردبێت و کۆسەرەیان بەکارهێنابێت، ئاگرەکە بەو هۆیەوە کەوتووەتەوە، بەڵام ئەوە جارێ تەنیا گومانە و دەبێ چاوەڕێی راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە بکەین."
 
شەوی سێشەممە 27-02-2024، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە، بەپێی راگەیێندراوێکی پارێزگای هەولێر لە ئەنجامی ئاگرەکەدا 166 دووکان سووتان و 90 کەسیش لە کارمەندانی بەرگریی شارستانی، کاسبکاران و هاونیشتمانییان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستییان تێکچوو.
 
شاخەوان کاکە مەم، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی بازاڕی لەنگە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەر لە سەرەتاوە ئەو بابەتە هەبووە، ئەو شەوە دوو دووکاندار ئیشی لەحیمیان کردووە و ناوبڕیان دروست کردووە، نازانم بۆچی حکومەت ئیجرائاتیان بەرامبەر ناکات."
 
هەر لەو بارەیەوە بەرپرسێکی دیکەی کارگێڕیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند "تۆماری ڤیدیۆیی هەیە کە لەو کاتەدا دوو کەس کۆسەرە بەکاردێنن و پڕیشکی ئاگری کۆسەرەکە دەکەوێتە سەر پەردەی داپۆشینی دووکانەکان."
 
بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر، کە لە نزیکەی 2 هەزار و 400 دووکان پێکدێت، لە ساڵی 2018ـشدا سووتا. دووکاندارانی بازاڕەکە داوا دەکەن قەرەبوو بکرێنەوە.
 
شاخەوان کاکە مەم دەڵێت "ئێمە دوو داواکاریی سەرەکیمان هەیە، یەکەم ئەوەیە بنمیچی راڕەوی ئەو دووکانانەی سووتاون لابدرێت، دووەمیش قەرەبووکردنەوەی زیانبەرکەوتووانە."