لە سەرەتای ئەمساڵەوە تورکیا 230 هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (سی پی تی)ـی ئەمریکی رایگەیاند "ئەمساڵ تورکیا 230 هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و چوار هێرشیشی کردووەتە سەر مووسڵ، کە بەهۆیانەوە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە."
 
رۆژی چوارشەممە، کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە 1-1-2024ـەوە تاوەکو 1-3-2024، تورکیا 230 هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و، چوار هێرشیشی کردووەتە سەر پارێزگای نەینەوا."
 
کامەران عوسمان گوتی "لەو 234 هێرشە، 12 هێرشی بە درۆن، 194 هێرش بە فڕۆکەی جەنگی کراون و 28 جاریش تۆپبارانی کردووە."
 
بەگوێرەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش، 35 هێرش لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 109 هێرش لە سنووری پارێزگای دهۆک، 86 هێرش لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون.
 
کامەران عوسمان دەڵێت "لە مانگی 8ـی ساڵی 2015ـەوە بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە 152 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و 228 هاووڵاتیش بریندار بوون."
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە گوتەی ئەو ئەندامەی رێکخراوی (سی پی تی)ـی ئەمریکی "بەهۆی هێرشەکانی تورکیا 2 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە."