رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت؛ دەیانەوێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک، سەرەتا لەگەڵ پارتی دەنگیان یەکبخەین و بە شاندی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دانوستاندن بکەن.
ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەمڕۆ (چوارشەممە، 6-3-2024) میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و، رایگەیاند "لە دووەم کۆبوونەوەی لایەنەکانی کەرکووک لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوو هەفتە دانرا بۆ ئەوەی لایەنەکان کۆبوونەوەی نێوان خۆیان بکەن و بگەنە رێککەوتن بۆ ئیدارەیەکی هاوبەش لە کەرکووک."
ئاسۆ مامەند دەڵێت "لەو کۆبوونەوەیەدا سەرجەم لایەنەکان پرۆژەیان هەبوو، کە خاڵی هاوبەشی زۆریان تێدابوو، تەنیا شتێک کە کێشەی دروستکردووە پۆستی پارێزگاری کەرکووکە."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دووپاتیدەکاتەوە؛ "ئەگەر پۆستی پارێزگار یەکلاببێتەوە، لە ئەنجوومەنی پارێزگا پۆستی زۆر هەیە و بەشی هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک دەکات، ئێمە وەکو کورد داوای پۆستی پارێزگار دەکەین و بە شایستەی خۆمانی دەزانین، لەبەرئەوەی زۆرترین دەنگ و کورسیمان لە هەڵبژاردن بەدەستهێناوە".
یەکێتی نیشتمانی کوردستان پرۆژەیەکی بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەگەڵ خۆی بردبووە کۆبوونەوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەکو ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت "لە پرۆژەکەماندا داوامانکردووە پۆستی پارێزگا بۆ کورد بێت کە لیستی براوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگایە و براوەی دووەمیش کە پێکهاتەی عەرەبە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای پێبدرێت، جێگری یەکەمی پارێزگار بۆ تورکمان بێت و پۆستمان بۆ پێکهاتەی مەسیحیش پێشنیازکردووە."
لایەنی تورکمان پێشنیازیان کردووە پۆستی پارێزگاری کەرکووک هەر دوو ساڵ لای پێکهاتەیەک بێت، ئاسۆ مامەند دەڵێت؛ ماوەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگا چوار ساڵە و ئەگەر بەو شێوەیەی تورکمان دەڵێت شەش ساڵی پێویستە بۆ ئەوەی هەرسێک پێکهاتەکە ئەو پۆستە وەربگرن، بۆ ئەمە دەبێت سەرلەبەری یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەمواربکرێتەوە، بەڵام ئێمە پۆستی پارێزگار بە مافی کورد دەزانین."
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی "لە کۆبوونەوەی لایەنەکانی کەرکووک لەگەڵ سوودانی، پارتیش پرۆژەی هەبووە، بەڵام پرۆژەی ئێمە و پارتی خاڵی هاوبەشی زۆری تێدابوو و هەردوولا دووپاتمان لەوە کردووەتەوە پۆستی پارێزگار مافی کوردە."
ئاسۆ مامەند لەبارەی جیاوازییەکانیان لەگەڵ پارتی رایگەیاند؛ "پارتی دەڵێت پۆستی پارێزگار بۆ کورد بێت، بەڵام کەسێکی بێلایەن بێت، بەڵام ئێمە لە پرۆژەکەماندا باسمان لەوە کردووە، پۆستی پارێزگار بۆ پێکهاتەی کورد بێت، بەڵام لە دانیشتنەکانمان لەگەڵ پارتی گوتوومانە ئەو پۆستە بە مافی خۆمان دەزانین."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی باس لەوە دەکات، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان گفتوگۆیان هەیە و بەردەوام دەبن لە کفتوگۆکانیان، دەشڵێت "پێمان باشە لەگەڵ پارتی بۆچوونەکانمان یەکبخەین و بە شاندێکی هاوبەش بچینە لای لایەنەکانی دیکە و گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ