لوقمان وەردی: لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمان ژمارەی کورسییەکانمان بەرز دەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی مەڵبەندی رانیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکردووە و لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی کورسییەکانیان "بەرز دەبێتەوە."
 
رۆژی چوارشەممە 6-3-2024، لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتیی و بەرپرسی مەڵبەندی رانیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان میوانی بووڵتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە نالین حەسەن و زانا کایانی پێشکێشی دەکەن. باسی هەڵبژاردن و مووچەی کرد. 

وەردی رایگەیاند، "لیستی مووچەی وەزارەتەکان ئامادەکراوە و خوازیارین وەزارەتی دارایی دەستوبردی لێ بکات و رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراقی بکات بۆ ئەوەی مووچە دوانەکەوێت."
 
لوقمان وەردی پێیوایە، "خەڵکی هەرێمی کوردستان تووشی تەنگژەیەکی قووڵی ئابووری بوونەتەوە، ئێمە ئابووریی سەربەخۆ و هەناردەکردنی نەوتمان تاقیکردەوە و تێیدا سەرنەکەوتین، بۆیە هیچ دەرچەیەکی دیکەمان نییە جگە لە بەغدا، قووڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستان بەغدایە و وەرگرتنی مووچە لە عێراق هیچ لە پایەکانی حوکمڕانی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان کەم ناکاتەوە."
 
 
لەبارەی سکاڵای سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کورسی پێکهاتەکان لە دادگای فیدراڵی، لوقمان وەردی گوتی، "ساڵێک پێش تەواوبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردنمان کرد و گوتمان بەم یاسا کۆنە رازی نین. بۆ کورسی کۆتاکانیش داوامان کرد هاوشێوەی کورسییەکانی دیکە دابەشی بازنەکانی هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام گوێمان لێ نەگیرا و لەگەڵمان رێکنەکەوتن یاسای هەڵبژاردن لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان هەموار بکەینەوە."
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی دەشڵێت، "لەبری رێککەوتن، لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان بە شەڕ و بە یاساشکێنی ویستیان کۆمیسیۆن کارا بکەنەوە، بۆیە ئێمە رێگریمان لەوە کرد، لەبەر ئەوەی پرسی هەڵبژاردن نیشتمانییە و دەبێت کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی لەسەربێت."
 
لوقمان وەردی بەرگری لە سکاڵای حیزبەکەی لە دادگەی فیدراڵیی عێراق دەکات و وەکو ئاماژەی پێدەدات، "ئێمە لە سکاڵاکەماندا تێبینیمان لەسەر شێوازی نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان هەبوو، ئەگینا پێکهاتەکان بە هاووڵاتیی رەسەنی هەرێمی کوردستان دەزانین و یەک لە شانازییەکانی حوکمڕانیی ئێمە ئەوەیە کە پێکهاتەکان بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسیدا هەیە."
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە 10-6-2024 بەڕێوەبچێت، بەرپرسی مەڵبەندی رانیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی، "لەم هەڵبژاردنەدا یەکێتی خۆی زۆر باش ئامادە کردووە و ژمارەی کورسییەکانی زیاد دەکات، ئومێدی زۆرمان هەیە ئەم هەڵبژاردنە نەخشەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بگۆڕێت."